به‌شێکی زۆر له چاودێرانی ڕه‌وشی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌یان نه‌شاردووه‌ته‌وه که ڕه‌نگه عێراق ببێته شوێنی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان ئێران و ئه‌مریکا.
ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا له ماوه‌ی چه‌ندین هه‌فته‌ی ڕابردوو په‌ره‌ی سه‌ندووه. له کاتێکدا که له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو یه‌کێک له پێشکه‌وتووترین فڕۆکه بێ فڕۆکه‌وانه‌کانی ئه‌مریکا له لایه‌ن ئێرانه‌وه خرایه خواره‌وه، ڕاگه‌یاندنی تێپه‌ڕاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران له 300 کیلۆی دیاریکراو له چوارچێوه‌ی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و بێ هیوایی به‌رپرسانی تاران له میکانیزمی دارایی یه‌کێتی ئه‌ورووپا ناسراو به ئینستێکس، ئاڵۆزییه‌کانی زیاتر کردووه.
له‌م نێوه‌نده‌دا چاودێرانی کاروباری ناوچه‌که ده‌ڵێن ته‌نیا یه‌ک هه‌ڵه‌ی بچووک ده‌توانێت ئاگری شه‌ڕێکی به‌ربڵاو له ناوچه‌که و له نێوان ئێران و ئه‌مریکا هه‌ڵبگیرسێنێت. له ئێستادا ئێران و ئه‌مریکا هێزه‌کانیان له ناوچه‌که وه‌ک تیرۆریست ناساندووه و ئه‌و هێزانه‌ش هێنده لێک دوور نین که ده‌ستیان به یه‌ک نه‌گات، هه‌ر بۆیه ئاشکرایه که ئه‌وان ده‌توانن به هه‌ڵه‌یه‌کی بچووک ده‌سپێکه‌ری ئه‌و شه‌ڕه بن.
عێراق یه‌ک له‌و شوێنانه‌یه که ده‌توانێت شوێنی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌که‌ی نێوان ئێران و ئه‌مریکا بێت. به پێی هه‌ندێک ڕاپۆرت، ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له ئێستادا 5200 سه‌ربازی له عێراقدا هه‌یه و خاوه‌نی چه‌ندین بنکه‌ی گرنگی سه‌ربازیشی له‌م وڵاته‌دا. سوپای پاسدارانی ئێرانیش له ساڵانی شه‌ڕی داعشه‌وه تا ئێستا هێزه ڕاوێژکاره‌کانی له عێراقدا ماونه‌ته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌وه به‌شێکی زۆر له گرووپه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له ڕووی ئایدۆلۆژیایی و سه‌ربازییه‌وه خۆیان له تاران نزیک ده‌بینن.
ده‌توانین بڵێین که عێراق مه‌ترسی ئه‌وه‌ی له سه‌ره ببێته یه‌که‌م شوێنی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان ئه‌م دوو وڵاته.
چه‌ندین ڕووداویش له ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی به‌هێز کردووه. له گرنگترین ڕووداودا ئه‌مریکییه‌کان ڕایانگه‌یاندووه که هێرشه ڕۆکێتییه‌کانی سه‌ر بنکه سه‌ربازییه‌کان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌ی سه‌وز و نزیک باڵیۆزخانه‌که‌ی ئه‌م وڵاته له لایه‌ن گرووپه‌کانی سه‌ر به ئێرانه‌وه بووه. پاش ئه‌م ڕووداوه‌ش ئاڵۆزییه‌کان ڕووی له هه‌ڵکشان کرد.
حکومه‌ته‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی تا ئێستا هه‌وڵی پاراستنی هاوسه‌نگیی له نێوان تاران و واشنتن داوه، هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه‌شیداوه به چه‌شنێک په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌ش به‌هێزتر بکات تا عێراق به نزیکبوونی زیاتر له تاران تۆمه‌تبار نه‌کرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بیه‌وێت خاکی عێراق له دژی ئێران به‌کار بێنێت گرووپه‌کانی سه‌ر به‌م وڵاته‌ش له دژی به‌رژه‌وه‌ندی و هێزه‌کانی واشنتن دێنه ده‌نگ. ئاڵۆزبوونی ڕه‌وشی ناوخۆیی عێراق ده‌توانێت ده‌رفه‌تی خۆڕێکخستنه‌وه به تیرۆریستانی داعش بدات.
پێویسته چاوه‌ڕوان بین که ئاراسته‌ی ئاڵۆزییه‌کان چۆن ده‌بێت، ئایا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و شه‌ڕێکی دیکه هه‌نگاو ده‌نێت؟/.