سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی
ململانێکانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا ده‌سته‌واژه‌یه‌کی دیکه‌ی لێکه‌وتووه‌ته‌وه. شه‌ڕی نه‌وتهه‌ڵگره‌کان. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م کێشه‌یه به دیاریکراو لانیکه‌م تا ئێستا له نێوان ئێران و به‌ریتانیا ده‌بینرێت.
ئه‌مه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا بۆ هه‌مان ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و واشنتن ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌رپرسانی ئێران له‌و بڕوایه‌دان که وڵاتانی ڕۆژئاوا به تایبه‌ت به‌ریتانیا هه‌موو کات شوێنهکوتووی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکان.
به ڕاگرتنی که‌شتییه ئێرانییه‌که له جه‌به‌ل تاریق ده‌ستبه‌جێ به‌رپرسانی ئێران باسیان له‌وه ده‌کرد که ده‌بێت به زووترین کات تۆڵه له به‌ریتانیا بکه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش ڕووی دا و که‌شتییه‌کی ئه‌م وڵاته له گه‌رووی هۆرمۆز له لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.
ئه‌مریکا که له لایه‌ن دوناڵد تره‌مپه‌وه سیاسه‌تی زیاترکردنی گوشاره‌کان له دژی ئێران په‌یره‌و ده‌کات، ڕایگه‌یاندووه که هاوپه‌یمانییه‌کی ده‌ریایی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ده‌ریاوانی له ناوچه‌ی که‌نداو و گه‌رووی هۆرمۆز پێک دێنێت.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه که ئامانجه‌کانی واشنتن له‌م بڕیاره چییه؟
ئه‌مریکا به هه‌موو هێزێکه‌وه کار له سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که ئێران وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌که و جیهان بناسێنێت، واته ده‌یه‌وێت پلانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران به ته‌نیا له لایه‌ن ئه‌مریکاوه نه‌بێت و بخرێته چوارچێوه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی. واشنتن بۆ مسۆگه‌ربوونی ئه‌م ئامانجه‌ی که‌ڵک له هه‌موو هێزێکی سیاسی، دیپلۆماسی و ئه‌منی خۆی وه‌رده‌گرێت و هه‌وڵ ده‌دات وڵاتانی دیکه‌شی له گه‌ڵ بێت.
ئه‌مریکا هه‌وڵ ده‌دات کێشه بۆ هاوکارییه‌کانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ بخوڵقێنێت و به‌مه‌ش تاران له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که له په‌راوێزدا بێت، ئه‌گه‌ر سرنجی لێدوانی به‌رپرسانی ئێران و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م وڵاته بده‌ین بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که تاران له پاش کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی ئه‌م وڵاته، هه‌وڵه‌کانی بۆ نزیکبوونه‌وه‌ی زیاتر له وڵاتانی دراوسێ چڕ کردووه‌ته‌وه.
پرسی به هه‌ڕه‌شه ناساندنی ئێران له لایه‌ن ئه‌مریکاوه ئامانجێکی دیکه‌ی له پشته‌وه ده‌بێت، هه‌مووان ده‌زانن که ئه‌مریکا به تایبه‌ت ئه‌مریکای سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی دوناڵد تره‌مپ چاوی بڕیوه‌ته دۆلاره نه‌وتییه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی به تایبه‌ت وڵاتانی که‌نداو.
باشترین بیانووش ئه‌وه‌یه که به گه‌وره‌کردنی هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران و له ڕێگای گرێبه‌سته سه‌ربازییه‌کانه‌وه و ناردنی چه‌ک بۆ ئه‌و وڵاتانه ئامانجه‌کانی واشنتن مسۆگه‌ر ببێت.
ئه‌مریکا گوشاری خستووه‌ته سه‌ر وڵاتانی وه‌ک ژاپۆن و کۆریای باشور و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دیکه‌ش که بۆ دابینکردنی وزه‌ی پێویستی خۆیان ده‌بێت له پلانی هاوپه‌یمانی ده‌ریایی بۆ ئاسایشی ده‌ریایی له ناوچه‌ی که‌نداو و گه‌رووی هۆرمۆز به‌شدارییان هه‌بێت.
واشنتن له‌م قۆناغه‌دا و به هاوکاری له‌نده‌ن ده‌یانه‌وێت له ڕێگای هاوپه‌یمانییه‌کی سه‌ربازی ده‌ریاییه‌وه ناوچه‌ی که‌نداو و گه‌رووی هۆرمۆز له ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تیدا بێت و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تێدا جێبه‌جێ بکرێت و به‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێران بۆ داخستنی ئه‌م ڕێڕه‌وه ئاوییه گرنگه و کاریگه‌ریی له سه‌ر بازاڕی جیهانی وزه له ناو ببرێت، واته ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت له ڕیگای پێکهێنانی هاوپه‌یمانی ده‌ریاییه‌وه کارته‌که‌ی ده‌ستی ئێران بێ کاریگه‌ر بکات.
له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌توانین بڵێن به پێکهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانییه و له ئه‌گه‌ری هه‌ر تێکهه‌ڵچوونێکی سه‌ربازی، ئێران له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک وڵاتی جیهان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه نه‌ک ته‌نیا ئه‌مریکا و ئه‌مه‌ش به دڵنیاییه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران‌دا نابێت.
له به‌ریتانیا حکومه‌ته‌که‌ی بۆریس جۆنسۆن هێشتا سه‌رقاڵی خۆئاماده‌کردنه و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستێکی جیدیی له سه‌ر پرسی که‌شتییه ڕاگیراوه‌کان له نێوان تاران و له‌نده‌ن نه‌بووه. ئه‌مریکا به‌رده‌وامه له زیاترکردنی گوشاره‌کانی له دژی ئێران و له دوایین نموونه‌ش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به لیستی سزاکانی ئه‌مریکا زیاد کرا. ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کانی فه‌ره‌نسا بۆ ڕێگری له په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌کان به ئاکام نه‌گات و داواکارییه ئابورییه‌کانی ئێران به تایبه‌ت له بواری فرۆشتنی نه‌وت له به‌رچاو نه‌گیرێت، قۆناغی سێهه‌م و ئه‌ڵبه‌ت گرنگی هه‌ڵپه‌ساردنی به‌ڵێنه‌کانی ئه‌م وڵاته
له چوارچێوه‌ی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی جێبه‌جێ ده‌کرێت. له‌م کاته‌دا ڕه‌نگه به‌ریتانیاش له‌م ڕێکه‌وتنه بکشێته‌وه. به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕێکه‌وتنه‌که ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم به‌رز ده‌کاته‌وه و ئاڵۆزییه‌کان پێ ده‌نێنه قۆناغێکی نوێ و ئه‌و کات هه‌لی پێکهێنانی هاوپه‌یمانییه ده‌ریاییه‌که‌ش بۆ دژایه‌تی ئێران له لایه‌ن ئه‌مریکاوه ئاسانتر ده‌بێت.
ڕه‌وتی گۆڕانکارییه‌کان له چه‌ند مانگی داهاتوو خێراتر ده‌بن، له به‌ر ئه‌وه‌ی که دوناڵد تره‌مپ پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا پێویستی به‌و ڕێکه‌وتنه خوازراوه‌ی خۆی هه‌یه که له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌ک ده‌سکه‌وتێک به کاری بێنێت، ئێرانیش دانوستانی ڕه‌تکردووه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه داهاتووی ئه‌م دۆسیه گرنگه به ته‌م و مژاوی ده‌بینرێت./.