ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له کۆنتڕۆڵکردنی ناڕه‌زایه‌تی خۆپێشانده‌رانی ئه‌م وڵاته کاریگه‌ریی نه‌بووه، پاش ئه‌وه‌ی که په‌رله‌مان بڕیاری ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدیی په‌سه‌ند کرد خۆپێشانده‌ران ئاستی داواکارییه‌کانیان به‌رز کردووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت باس له ده‌ست له کار کیشانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی دیکه ده‌کرێت.
لایه‌نه شێعه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌سایه‌تییه‌کی گونجاو بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستنیشان بکه‌ن که دوو مه‌رجی تێدا به‌دی بکرێت. یه‌که‌م، ڕه‌زامه‌ندی مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای له سه‌ر بێت. دووه‌م، به لای خۆپێشانده‌رانه‌وه که‌سێک بێت که بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئه‌م دۆخه ناسه‌قامگیره‌ی عێراق بکات و جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانی ئه‌وان ده‌سته‌به‌ر بکات.
ئه‌ندامێکی هاوپه‌یمانی فه‌تح ڕایگه‌یاندووه که یه‌ک ڕۆژ پاش ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌چووه که نوری مالیکی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، ڕه‌وتی حیکمه به سه‌رۆکایه‌تی سه‌ید عه‌مار حه‌کیم و هاوپه‌یمانی فه‌تح به سه‌رۆکایه‌تی هادی عامری تێیدا به‌شدارییان کردووه.
له‌و کۆبوونه‌وه‌دا سه‌باره‌ت به میکانیزمی ده‌ستنیشانکردنی که‌سێک وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کراوه. به‌شداربووان جه‌ختیان له‌وه کردووه‌ته‌وه که نابێت سیناریۆی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی حکومه‌تی عێراق دووباره ببێته‌وه.
یه‌کێک له سیناریۆ به‌هێزه‌کان بۆ قۆناغی پاش عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌یه که لایه‌نه‌کان له سه‌ر که‌سێک بگه‌نه ڕێکه‌وتن که ڕه‌زامه‌ندی مه‌رجه‌عیه‌ت و خۆپێشانده‌رانی له سه‌ر بێت، مه‌رجی ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و که‌سه‌ش ئه‌وه‌یه که سه‌ربه‌خۆ بێت و موڵکی هیچ لایه‌نێکی سیاسی نه‌بێت.
به‌ڵام ئه‌م بژارده‌یه دیسانه‌وه سیناریۆی ڕاسپاردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی لای عێراقییه‌کان زیندوو ده‌کاته‌وه که وه‌ک که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ به خه‌ڵک ناسێندرا، ئه‌مه‌ش له گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی هاوپه‌یمانی سائیرۆن یه‌ک ناگرێته‌وه که خۆیی له ده‌ستنیشانکردنی که‌سێک بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کشاندووه‌ته‌وه تا به‌رهه‌م ساڵح به ده‌ستێکی کراوه بتوانێت که‌سێکی شیاو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕابسپێرێت.
هاوکات چه‌ندین سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌که‌ن که ڕه‌نگه سائیرۆن پاڵپشتی له‌و خۆپێشانده‌رانه بکات که ده‌یانه‌وێت عه‌بدولوه‌هاب ساعدی بکرێته سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ. ساعدی فه‌رمانده‌ی پێشووی دژه تیرۆری عێراقه که به که‌سێکی نیشتمانی ده‌ناسرێت. به‌ڵام ڕه‌نگه شێعه و کورد ئه‌وه‌یان به دڵ نه‌بێت که جارێکی دیکه که‌سێکی سه‌ربازی له عێراق ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست.
یه‌کێکی دیکه له سیناریۆکان ئه‌وه‌یه که به ڕاپرسی گشتی له نێوان دوو کاندید که‌سێک بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق یه‌کلایی بکرێته‌وه. به پێی هه‌ندێک زانیاری ئه‌و دوو که‌سه بریتین له ئیبراهیم به‌حرئه‌لعلوم وه‌زیری پێشووتری نه‌وت و جه‌عفه‌ر سه‌در باڵیۆزی ئێستای عێراق له له‌نده‌ن.
له لایه‌کی دیکه‌وه لای هه‌ندێک له لایه‌نه سیاسییه‌کان ئه‌وه باس کراوه که به‌ده‌ر له پشکخوازی سیاسی، ئه‌مجاره که‌سێک به‌ده‌ر له پێکهاته‌ی شێعه بکرێته سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت قه‌یرانه‌کانی عێراق له‌مه‌ی ئێستا زیاتر بکات.
ئه‌و حکومه‌ته‌ی که له‌م قۆناغه‌دا ڕه‌نگه له عێراق پێک بهێندرێت، سنوری ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیاریکراو ده‌بێت. چاکسازی له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان، کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان، کاتی په‌سه‌ندکردنیان له په‌رله‌مان و له ئاکامدا دیاریکردنی کاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌کان له گرنگترین ئه‌رک و ڕاسپارده‌کانی حکومه‌تی نوێی ئه‌م قۆناغه‌ی عێراق ده‌بێت.
له ماوه‌ی پاش ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، باس له چه‌ندین ناوێکی دیکه وه‌ک کاندیدی نوێی ده‌کرێت. قوسه‌ی سوهه‌یل وه‌زیری خوێندنی باڵا، فایه‌ق زه‌یدان سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای داد، له گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات و هیواداری هادی عامری که ده‌یه‌وێت ببێته جێی ڕێکه‌وتنی لایه‌نه‌کان، عه‌لی شوکری ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مان، عه‌لی عه‌بدولئه‌میر عه‌لاوی وه‌زیری پێشووتری بازرگانی له‌و که‌سانه‌ن. بێ گومان که له وتاری هه‌ینی داهاتوو مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای عێراق تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و که‌سه زیاتر باس ده‌کات تا ڕێگای به‌رده‌م لایه‌نه سیاسییه‌کان زیاتر هه‌موار بکاته‌وه./.
