سوپای ئیسرائیل ناوی چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەستیان لە پرۆژەی مووشەکی حیزبووڵای لۆبناندا هەیە.
ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە پرۆژەکەی ئێران لە ساڵی ۲۰۱۳ دەستیپێکردووە و هەوڵی درووستکردنی چەند کارگەیەکی وەبەرهێنانی مووشەکی لە باشوری لۆبنان، بەیروت و بۆقاع داوە.
سوپای ئیسرائیل محەممەد حوسێن زادە حەجازی بەرپرسی لۆبنانی سوپای قودسی وەک کەسی یەکەمی پرۆژە مووشەکییەکەی حیزبووڵا ناساندووە و ڕایگەیاندووە کە ناوبراو ڕاستەوخۆ فەرمان لە قاسم سولێمانی وەردەگرێت.
ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە عەلی ئەسغەر نەورۆزی بەرپرسی بەشی پشتیوانی سوپای پاسداران سەرجەم پێداویستییەکانی ئەو پرۆژەی لە ئێرانەوە گەیاندووەتە سوریا و پاشان بۆ لۆبنان گوازراوەتەوە.
مەجید نەواب وەک بەرپرسی تەکنۆلۆژیا مووشەکییەکانی سوپا ناو براوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ناوبراو شارەزای بواری مووشەکییە، لە قاسم سولێمانی فەرمان وەردەگرێت و پرۆژە مووشەکییەکەی حیزبووڵای لە لۆبنان بەسەرکردووەتەوە.
فۆئاد شوکر کەسێکی دیکەیە کە ناوی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە هاتووە و بە بەرپرسێکی باڵای پرۆژە مووشەکییەکەی حیزبووڵای لۆبنان ناو براوە. ناوبراو ساڵی ۱۹٨۳ لە تەقینەوەی بنکەی سەربازانی ئەمریکی لە لۆبنان تۆمەتبار کرا و واشنتن بۆ هەر زانیارییەک کە بگاتە دەستبەسەرکردنی، بڕی ٥ ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کرد.
ئەمریکا بەردەوام پاڵپشتی خۆیی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، دوایین نموونەش مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەم وڵاتەیە کە ستراتیژی واشنتنی بۆ پاڵپشتی لە تەل ئەبیب دووپاتکردەوە./.
