سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی
ئه‌گه‌ر له کێشه و ئاڵۆزییه‌کانی یه‌ک ساڵی ڕابردووی نێوان ئێران و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ورد ببینه‌وه، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که ئێرانییه‌کان هێنده‌ی ئێستا به تووڕه‌یی و کاردانه‌وه‌ی توند مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا نه‌کردووه. هۆکار چییه؟به ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی نه‌وتهه‌ڵگره‌کان له نێوان به‌ریتانیا و ئێران، ئێستا کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی کڕیاری نه‌وتی ناوچه‌که‌ن، به نیگه‌رانییه‌وه له داهاتووی ئاسایشی وزه‌ی خۆیان ده‌ڕوانن.
ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه. حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران به‌م دواییانه‌ش دیسانه‌وه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی دووپات کرده‌وه و ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر ئێران نه‌توانێت نه‌وته‌که‌ی هه‌نارده بکات هیچ وڵاتێک به ئاسانی له گه‌رووی هۆرمۆزه‌وه نه‌وته‌که‌ی هه‌نارده ناکرێت.
کۆی گشتی ڕووداوه‌کانی ناوچه‌که له ئاکامدا ئه‌مریکای هانداوه که باس له پێکهێنانی هاوپه‌یمانییه‌کی ده‌ریایی بۆ پاراستنی ئاسایشی ده‌ریایی و هاتووچۆی بێ کێشه‌ی که‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌کان له ئاوه‌کانی که‌نداو و گه‌رووی هۆرمۆز بکات.
هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ستیپێکردووه و مایک پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته ڕایگه‌یاندووه که داوامان له 60 وڵاتی جیهان کردووه که ببنه به‌شێک له‌م هاوپه‌یمانییه.
ئه‌گه‌رچی هێشتا دیار نییه که ژماره‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌و هاوپه‌یمانییه‌دا چه‌نده، هه‌واڵێک دۆخی ناوچه‌که‌ی به ته‌واوی ئاڵۆزتر کردووه، ئه‌ویش پرسی به‌شداری ئیسرائیله له‌و هاوپه‌یمانییه‌ی که ئه‌مریکا باسی کردووه، واته نزیکبوونه‌وه له سنوره ئاوییه‌کانی ئێران.کاتێک که یسرائیل کاتس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌واڵه‌که‌ی ڕاگه‌یاند، ئێرانییه‌کان له به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه هاتنه ده‌نگ و به توندترین شێواز وه‌ڵامیان دایه‌وه. سه‌ید عه‌باس موسه‌وی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته ڕایگه‌یاند که تاران بوونی ئیسرائیل له‌م هاوپه‌یمانییه‌دا به هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌کانی ده‌زانێت و مافی وه‌ڵامدانه‌وه‌ش بۆ خۆی به پارێزراو ده‌زانێت.
دواتر ئه‌میر حاته‌می وه‌زیری به‌رگری ئێران له ڕێگای ته‌له‌فوونه‌وه پرسه‌که‌ی له گه‌ڵ هاوتاکانی له چه‌ندین وڵاتی ناوچه‌که وه‌ک قه‌ته‌ر و کوێت تاوتوێ کرد. محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش که زیاتر هه‌ڵوێسته‌کانی دژ به ئه‌مریکا له ڕێگای توێته‌ره‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه، ڕایگه‌یاند که ئێران بۆ پاراستنی ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌موو کات ئاماده‌یه و بوونی ئیسرائیل له هاوپه‌یمانییه‌که‌ی ئه‌مریکادا قبووڵ ناکات. سه‌عدووڵا زارعی یه‌کێک له شرۆڤه‌کارانی سیاسی نزیک له سوپای پاسدارانی ئێرانیش ڕایگه‌یاندووه که پێمان خۆشه ئیسرائیل په‌یوه‌ندی به‌م هاوپه‌یمانییه‌وه بکات له به‌ر ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تی ئه‌م پلانه‌مان زیاتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که ده‌بێته به‌شێک له هه‌مان سیاسه‌تی دژ به وڵاتانی ئیسلامی و ئێمه‌ش به ئاسانی ده‌توانین ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه. ناوبراو به دووری زانیوه که وڵاتانی ڕۆژئاوا به هۆی کاردانه‌وه‌ی گه‌لانی ناوچه‌که به تایبه‌ت ئێرانییه‌کان به‌رامبه‌ر به ئیسرائیل، موڵه‌تی به‌شداریکردنی له‌م هاوپه‌یمانییه‌ی ئه‌مریکادا بده‌ن.
ئێران ده‌ڵێت چاره‌نووسی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ش وه‌ک ئه‌وانه‌ی پێشوو ده‌بێت که بۆ نموونه ئه‌مریکا له وڵاتێکی وه‌ک ئه‌فغانستان هه‌وڵی بۆ داوه، یان ئه‌وه‌ی که له چوارچێوه‌ی ناتۆی عه‌ره‌بی له ناوچه‌که دژ به تاران تێیدا سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست نه‌هێناوه.به‌ڵام پرسی پێکهێنانی هاوپه‌یمانی ده‌ریایی به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا ئه‌مجاره جیدییه و واشنتن ده‌یه‌وێت کارتی گه‌رووی هۆرمۆز له ڕێگای به‌شداری وڵاتانی دیکه‌وه له ده‌ستی تاران ده‌ربێنێت، ئه‌ڵبه‌ت به هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌کانی سوپای پاسداران هاوشێوه‌ی ڕاگرتنی که‌شتییه به‌ریتانییه‌که، دیار نییه که له ئه‌گه‌ری پێکهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانییه و نزیکبوونه‌وه‌ی هێزێکی تۆکمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له سنوره ئاوییه‌کانی ئێران کاردانه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته چۆن ده‌بێت. شه‌ڕی ڕاسته‌وخۆ یان شه‌ڕی دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا له ڕێگای گرووپه‌کانی نزیک به ئێران له ناوچه‌که؟به‌ڵام ده‌نگۆی به‌شداری ئیسرائیل ئامانجێکی دیکه‌ی له پشته‌وه ده‌بێت.
له ساڵانی شه‌ڕی سوریا ئێران ته‌نیا ئامانجی له ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ ئه‌م وڵاته پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌بووه، به‌ڵکوو هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌ی له سنوره‌کانی ئیسرائیل داوه و ئه‌م مه‌ترسییه‌ش وایکردووه که ته‌ل ئه‌بیب ته‌نیا ڕێگای بێ کاریگه‌رکردنی ئه‌م هه‌ڕه‌شه له‌وه‌دا ببینێت که له ڕووسیای هاوپه‌یمانی ئێران نزیک ببێته‌وه. سه‌ردانه به‌رده‌وامه‌کانی بنیامین نتانیاهۆ بۆ مۆسکۆ به ته‌واوی پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگای ڕووسیاوه کۆنتڕۆڵی تاران بکات له به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران له سوریاوه له دژی ئیسرائیل جیدییه، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا ئێران و گرووپه‌کانی وه‌ک حیزبووڵا له سه‌ر خاکی سوریا له هه‌ماهه‌نگی و پێکه‌وه‌بوونێکی ئاشکرادا بوون و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی خستووه‌ته نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل.
ئێستا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت که سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌کانی ئیسرائیل له ڕێگای ڕووسیاوه، ته‌ل ئه‌بیب هه‌وڵ ده‌دات به کارتی به‌شداری له هاوپه‌یمانییه‌که‌ی ئه‌مریکا مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئێران بکات، واته به‌شدارینه‌کردن له‌م هاوپه‌یمانییه له به‌رامبه‌ر ده‌سته‌به‌رکردنی ئاسایشی خۆی له سنوره‌کانی سوریاوه.
لێدوانی به‌رپرسانی ئێران وه‌بیر بێنینه‌وه که هه‌موو کات باس له‌وه ده‌که‌ن که له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی هه‌ر شه‌ڕێکی ئه‌مریکا، ئیسرائیل له ناو ده‌به‌ن، باشترین شوێنی جێبه‌جێکردنی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌وان بۆ هێرشی سه‌ر ئیسرائیل، خاکی سوریایه. ئێستا ته‌ل ئه‌بیب پێی ناوه‌ته مامه‌ڵه‌یه‌کی دیکه و ئه‌ڵبه‌ت ناڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ ئێران. ڕه‌نگه له داهاتوودا یه‌کێک له ته‌وه‌ری نێوه‌ندگێڕییه‌کان، گه‌رووی هۆرمۆز له به‌رامبه‌ر پاشه‌کشه‌ی ئێران له سوریا بێت.
ئه‌گه‌ر پرسی ئیسرائیل نه‌بێت ئێران هێنده کاردانه‌وه‌ی توندی به‌رامبه‌ر به هاوپه‌یمانی ده‌ریایی ئه‌مریکا نه‌بووه، وه‌ک چۆن که شاره‌زایان به‌رده‌وام ده‌ڵێن تاران – واشنتن لانیکه‌م تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2020 ی ئه‌مریکا به‌م شێوازه درێژه به په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌ده‌ن و له ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دوناڵد تره‌مپ ئه‌و کاته گۆڕانکارییه‌کان شێوازی دیکه له خۆ ده‌گرن./.