بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بە وەکالەت کە ڕۆژی یەک شەممە سەردانی ئێرانی کرد، لە گەڕانەوەی هەندێک زانیاریی سەبارەت بە چالاکییە ناوەکییەکانی ئەم وڵاتە خستووەتەڕوو.
کۆرنێڵ فرۆتا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ڕایگەیاند کە ئێران ئامێرەکانی پێشکەوتووی سەنتریفیۆژی لە ناوەندەکانی خۆی بەکارهێناوە.
بە وتەی ناوبراو ئەم هەنگاوەی ئێران بە ئامانجی پیتاندنی یورانیۆم بووە.
فرۆتا ڕایگەیاندووە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە چاودێری چالاکییەکان و دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت و ڕاپۆرتی تایبەت بە هەر گۆڕانکارییەک ئاشکرا دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، ۲۲ سەنتریفیۆژی IR4، یەک سەنتریفیۆژی IR5 و ۳۰ سەنتریفیۆژی IR6 لە ناوەندە ناوەکییەکانی ئێران بەکارهاتوون و ئامادەی چالاکین.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ناوەندی نەتەنز ۲۲ سەنتریفیۆژی جۆری IR4 بەکارهێنراوە کە لە ماوەی ڕابردوو تەنیا ۱۱ سەنتریفیۆژ بووە و ئێستا ژمارەیان دوو هێندە زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بە وەکالەت ڕۆژی یەک شەممە بە سەردانێکی یەک ڕۆژە گەیشتە تاران و لە گەڵ عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دۆسیەی ناوەکی ئەم وڵاتەی تاوتوێ کرد./.
