سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی
پاش سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن بۆ تاران و وه‌ڵامی به‌رپرسانی ئێرانی بۆ هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌کانی ئه‌م وڵاته، ده‌بینین که لێدوانی ئه‌مریکییه‌کان لانیکه‌م به‌راورد به ماوه‌ی پێش ئه‌و سه‌ردانه توندتر بووه و له تۆمه‌تبارکردنی ئێران به هێرشه‌کانی که‌نداوی عۆمان ئه‌وه ڕوون بووه‌ته‌وه. له ڕاستیدا ئه‌مریکا له ڕێگای سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆنه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا که له دۆسیه‌ی ئێران به ده‌سکه‌وته دیاریکراوه‌کانی بگات به‌ڵام وه‌ڵامه‌که‌ی ئێران بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی له بار برد. ئێستا ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و واشنتن به شێوازێکی دیکه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌گه‌ری زیاتربوونی ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ش له ڕێگای توندکردنی سزا ئابورییه‌کانی یه‌ک ساڵی ڕابردوو یان سه‌پاندنی سزای نوێ له ئارادایه.
له دۆسیه‌ی ئێران – ئه‌مریکا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش به به‌هێزی ده‌بینرێت که گه‌مارۆکانی ڕابردو توندتر ببن یان چه‌ندین به‌شی نوێی ئابوری، پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنانی ئێران به گه‌مارۆی نوێی ئه‌مریکاوه تووشی کێشه ببن، وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت په‌ره به ناساندنی ئێران وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت جیهان بدات. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بینین که له تۆمه‌تبارکردنی ئه‌م وڵاته به هێرشی سه‌ر که‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌کانی که‌نداوی عۆمان، وڵاتانی وه‌ک سه‌عوودیا، ئیمارات و به‌ریتانیا شان به شانی ئه‌مریکا باس له تێوه‌گلانی ئێران له‌و ڕووداوانه‌دا ده‌که‌ن. له درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه که ئه‌مریکا هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشتر بڕوات و پرسی هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه‌کانی سه‌ر هێزه‌کانی له ناوچه‌که بێنێته پێشه‌وه. ئێران به فه‌رمی ڕایگه‌یاندووه که له گه‌ڵ ئه‌مریکا دانوستان ناکات، له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌مریکا و دوناڵد تره‌مپیش ویستی گۆڕانکارییان له سیاسه‌ته‌کانی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م وڵاته نییه، هه‌ر بۆیه ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین وه‌رزێکی نوێی ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته باڵ به سه‌ر ناوچه‌که‌دا بکێشێت. به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که دوناڵد تره‌مپ تواناکانی وه‌گه‌ڕ ده‌خات پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2020 ی ئه‌مریکا جارێکی دیکه ئێران بۆ سه‌ر مێزی دانوستان بگه‌ڕێته‌وه و به‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێرانییه‌کانیش ڕه‌نگه هه‌ر دوو لا په‌نا بۆ بژارده‌کانیان له دژی یه‌کتر ببه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری داواکارییه‌کانی ئه‌م دوو وڵاته بکه‌ین بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که ئێران داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکانی کردووه که به دڵنیاییه‌وه لانیکه‌م له ئێستادا کۆشکی سپی ئه‌مه‌ی پێ قبووڵ ناکرێت. له به‌رامبه‌ردا ئه‌مریکا ده‌ڵێت ئێران له سه‌ر پرسه‌کانی ناوه‌کی، به‌رگری، ناوچه‌یی و چه‌ندین پرسی هاوپه‌یوه‌ندی دیکه بۆ مێزی دانوستان بگه‌ڕێته‌وه که به هیچ شێوازێک له لایه‌ن تارانیشه‌وه قبووڵ ناکرێت و به ڕاشکاوانه له به‌رپرسانی ئێرانمان بیستووه که ده‌ڵێن توانای به‌رگری ئێمه جێی دانوستان نییه.
له سه‌رده‌می باراک ئۆباما ئێران و ئه‌مریکا له‌و کاته‌دا چۆن بۆ مێزی دانوستان گه‌ڕانه‌وه؟ له‌و کاته‌دا ئێران مه‌ترسی زیاتربوونی گه‌مارۆکانی له سه‌ر بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ی که به پێی بڕیارێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی کۆمه‌ڵه سزایه‌ک به سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێندرابوو، هه‌روه‌ها ئه‌مریکاش نیگه‌رانی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که ئێران په‌ره به چالاکییه ناوه‌کییه‌کانی بدات، هه‌ر بۆیه هه‌ر دوو لا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتن که ڕێگای دانوستان و وتووێژ هه‌ڵبژێرن و ئه‌نجامه‌که‌شی گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی بوو.
پاش ئه‌وه‌ی که ساڵی ڕابردوو دوناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بڕیاری کشانه‌وه‌ی له ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ئێران ده‌رکرد به گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆکان و زیاترکردنی گوشاره ئابورییه‌کان ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی تێکداوه، واته واشنتن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌کرد تاران له دۆخێکی لاوازدا بۆ دانوستان بگه‌ڕێته‌وه به‌ڵام ده‌بینین که له پاش ساڵێک به‌رپرسانی ئێرانی ته‌نانه‌ت هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌کانی وڵاتێکی وه‌ک ژاپۆنیان ڕه‌تکردووه‌ته‌وه و به ڕاشکاوانه ده‌ڵێن له گه‌ڵ ئه‌مریکا دانوستان ناکه‌ین. تاران هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه ده‌دات و ده‌بینین که هه‌ڕه‌شه‌ی کشانه‌وه له ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی، هه‌ڵپه‌ساردنی به‌ڵێنه‌کانی ئه‌م وڵاته و ته‌نانه‌ت پاڵپشتی له گرووپه‌کانی سه‌ر به تاران له وڵاتانی وه‌ک لۆبنان، فه‌ڵه‌ستین و یه‌مه‌ن ده‌کات.
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک پێیان وایه که ئێران له گه‌ڵ ئه‌مریکای تره‌مپ دانوستان ناکات به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی دانوستان دابین بکرێت، واته ئه‌مریکا بۆ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی بگه‌ڕێته‌وه و گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران ڕابگرێت، تاران ئاماده‌ی وتووێژ له گه‌ڵ تره‌مپیش ده‌بێت. لێره به دوا ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و واشنتن به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی که هه‌ر دوو لا هه‌ست به‌و مه‌ترسییه ده‌که‌ن که ئاماژه‌ی پێدرا. له هه‌لومه‌رجێکی وه‌هادا ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی ئێران و ئه‌مریکامان له سه‌ر مێزی دانوستان بینی، هێنده پێمان سه‌یر نه‌بێت./.
