سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی
ئه‌مریکای دوناڵد تره‌مپ دۆخێکی جیاوازی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران هێنایه پێشه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌و کاته‌ی دانوستانه‌کانی ناوه‌کی له ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا به‌ڕێوه ده‌چوو، شاندی دانوستانکاری ئێران و گه‌وره به‌رپرسانیان له تاران قه‌د بیریان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه ته‌نیا به واژۆیه‌کی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ڕێکه‌وتنه‌که‌یان تووشی کێشه‌یه‌کی وه‌ها ببێت که مان و نه‌مانی وه‌ک یه‌ک بێت.
به گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا و جێبه‌جێکردنی سیاسه‌تی زیاترکردنی گوشاره‌کان له دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، سێ ئاراسته‌ی جیاواز له‌م وڵاته‌دا ده‌بینرێت.
یه‌که‌م: خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته که ڕووبه‌ڕووی دۆخێکی ناله‌باری ئابوری بوونه‌ته‌وه و گله و گازنده‌یان له ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆیان گه‌یشتووه‌ته لوتکه و ئاسه‌واری ئه‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ش له سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی ئه‌م وڵاته ده‌بینرێت.
دووه‌م: باڵی ڕێبه‌ری و سوپای پاسدارانی ئێران که به‌رده‌وام جه‌خت له سه‌ر ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دانوستان له گه‌ڵ ئه‌مریکا ده‌که‌نه‌وه و ڕایانگه‌یاندووه که پرسی مووشه‌کی و به‌رگری ئه‌م وڵاته به هیچ شێوازێک ناخرێته چوارچێوه‌ی هه‌ر دانوستانێک له گه‌ڵ ئه‌مریکا یان وڵاتانی ئه‌ورووپی.
سێهه‌م: باڵی ڕیفۆرمخواز یان حه‌سه‌ن ڕۆحانی و حکومه‌ت که هه‌ڵوێستێکی جیاوازیان له فه‌رمانده باڵاکانی سوپا هه‌یه و ڕایانگه‌یاندووه له ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری له سیاسه‌تی گه‌مارۆدانی ئه‌مریکا ده‌توانین بۆ مێزی دانوستان بگه‌ڕێینه‌وه.
ئێستا دۆخه‌که بۆ ئێران زیاتر ئاڵۆز بووه. ئه‌گه‌ر تا دوێنێ به‌ریتانیا له گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا هه‌ڵوێستێکی هاوشێوه‌ی هه‌بوو، ئێستا به ده‌ستبه‌کاربوونی بۆریس جۆنسۆن وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته که به تره‌مپی به‌ریتانیا ناسراوه و هه‌روه‌ها ئاڵۆزییه‌کانی شه‌ڕی نه‌وتهه‌ڵگره‌کان له گه‌ڵ تاران، له‌نده‌ن و واشنتن زیاتر له یه‌ک به‌ره‌دا ده‌بینرێن و ئه‌مه‌ش ئاسۆی به‌رده‌م ڕێکه‌وتنه‌که‌ی ئێرانی ته‌م و مژاوی کردووه و ته‌نانه‌ت باس له ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی به‌ریتانیا و سزای زیاتر به سه‌ر ئێران‌دا ده‌کرێت.
له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ش ئێران له پاش زیاتربوونی گوشاره‌کانی ئه‌مریکا دۆخێکی جیاوازتر به‌راورد به سه‌رده‌می پێش هاتنه‌سه‌رکاری تره‌مپ به خۆوه ده‌بینێت.
کۆبوونه‌وه‌ی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریکا، ڕووسیا و ئیسرائیل له ماوه‌ی ڕابردوو له ته‌ل ئه‌بیب به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا باس له سنوردارکردنی چالاکییه‌کانی ئێران له سوریا کراوه. ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر له هه‌ر بابه‌تێکدا ناکۆکیی له گه‌ڵ ڕووسیا هه‌بێت له ڕێگای هه‌ماهه‌نگی له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌وه ئاسایشی ئیسرائیل ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و ڕێگا به هیچ مه‌ترسییه‌ک له سوریاوه دژ به ته‌ل ئه‌بیب نادات و ئه‌وه‌ی که تره‌مپ ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیلی به سه‌ر به‌رزاییه‌کانی جۆلان به فه‌رمی ناساندووه، هه‌نگاوێک به‌م ئاراسته‌یه‌دا بووه.
له یه‌مه‌ن، ئه‌مریکا به هاوکاری سعوودیا و ئیمارات ده‌ناسرێت و تره‌مپ ته‌نانه‌ت ڕێگریی له هه‌وڵه‌کانی کۆنگرێس دژ به‌م دوو وڵاته له شه‌ڕی چه‌ندین ساڵه‌ی یه‌مه‌ن کردووه.
له عێراق واشنتن به‌ره به‌ره سیاسه‌ته‌کانی دژ به حه‌شدی شه‌عبی جێبه‌جێ ده‌کات. بڕیاره‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له ژێر گوشاره‌کانی واشنتن‌دا بووه. بێ گومان له داهاتووشدا به‌غدا ناچار به جێبه‌جێکردنی لانیکه‌م به‌شێک له گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژ به ئێران ده‌بێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران پێشتر هیوایان به سه‌رکه‌وتنی دیمۆکراته‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی داهاتووی ئه‌مریکا هه‌بوو به‌ڵام له ماوه‌ی ڕابردوودا محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف ناڕاسته‌وخۆ دانی به ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی دووباره‌ی تره‌مپدا نا و ڕایگه‌یاند که تاران خۆی بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆکایه‌تی تره‌مپ ئاماده کردووه.
ئێران به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران ده‌زانن که به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه تره‌مپ نایه‌وێت وڵاته‌که‌ی به شه‌ڕێکه‌وه سه‌رقاڵ بکات که ئه‌گه‌ری درێژه‌پێدانی پێش بینی ده‌کرێت.
هه‌ر بۆیه ئێرانییه‌کان ئێستا زیاتر دژایه‌تی ئه‌مریکییه‌کان ده‌که‌ن، باس له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له به‌رامبه‌ر هه‌ر ههنگاوێکی دژ به‌م وڵاته ده‌که‌ن، باس له بێ کاریگه‌ری گه‌مارۆکان ده‌که‌ن و ده‌یان نموونه‌ی دیکه.
به‌ڵام به هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تره‌مپ بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا دۆخه‌که جیاوازتر ده‌بێت و ئه‌مریکا له ئه‌گه‌ری وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی داواکارییه‌کانی، بژارده‌ی سه‌ربازی جێبه‌جێ ده‌کات و تا ئه‌و کاته‌ش واشنتن له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاو به‌ره‌و کۆده‌نگییه‌ک له دژی ئێران ده‌نێت، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که به‌ریتانیای بۆریس جۆنسۆنی له گه‌ڵه./.