ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە کار بکێشێتەوە و حکومەتێکی کاربەڕێکەر ئیش و کارەکان بەڕێوە ببات.
ئەحمەد حاج ڕەشید لە نووسینێکدا ڕایگەیاند: پێناچێت ئەم کابینەی حکومەتی هەرێم بتوانێت چاکسازی بکات و ناشتوانێت سەرجەم کێشەکان لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکات و پەرلەمانیش ناتوانێت ئەو دەزگایە بێت کە بتوانێت سنور دابنێت بۆ حکومەت بە هۆی لاسەنگی لە نێوان هێزەکاندا و گرفتەکانی ئابوری و سیاسی و ئیداریش تا دێت قوڵتر دەبنەوە و بە کاراکتەرەکانی ئەم کابینەیە چارەسەر نابن.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە و پەرلەمان بەردەوام بێت و لە ماوەی 6 مانگدا هەڵبژاردن بکرێت، لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی گزی و گرفت و فێڵی دەسەڵاتداران و لە هەمان کاتدا وەرگرتنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی./.
