ئەوەی لە تورکیا تۆزقاڵێک ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەوە هەبێت بە تۆمەتی بەشداری و تێوەگلان لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە دەکرێت.
سیاسەتی حکومەتی ئەنکەرە لە دەستبەسەرکردنی ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی فەتحووڵا گویلەن بەردەوامە.
داواکاری گشتی شاری ئیستەنبووڵ ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری دەستبەسەرکردنی 132 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزوتنەوەکەی گویلەن و بەشداری لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 دەرکرد کە تا ئێستا 106 کەس لەوان دەستبەسەر کراون.
لە نێو ئەو 106 کەسەدا 82 کەسیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی تورکیان. ئەوان بەوە تۆمەتبارن کە بەرنامەی بای لاک یان بەکار هێناوە، ئەو بەرنامەیەش لە لایەن ئەندامانی بزوتنەوەی گویلەنەوە لە شەوی کودەتاکە بەکار هاتووە. تورکیا دەڵێت ئەو کەسانەی ڕێکخەری کودەتاکە بوون بە هۆی ئاشکرابوونی پلانەکەیان لە واتس ئاپ لە بەرنامەی بای لاک کەڵکیان وەرگرتووە.
هەڵمەتەکەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستبەسەرکردنی خەڵک ڕاگیرابوو.
بە پێی هەندێک ئامار تا ئێستا زیاتر لە 294 هەزار کەس لە تورکیا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و 7200 کەسیش گیانی خۆیان لە دەست داوە./.
