ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری سەرکەوتنی دوناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە، گوشارە ئابورییەکانی سەر ئێران زیاتر دەبێت و توانای بەرگریی نابێت.
ڕۆبرت ئۆبراین وتی: ئەگەر ترەمپ سەرکەوتن بە دەست بێنێت ئێران ناتوانێت دانوستان ڕەتبکاتەوە، ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی ئێرانن، یان ئەوانەی دۆستی ئێمەن و لە گەڵ ئێرانیش پەیوەندییان هەیە بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە کە ئێران تەنیا چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە.
ئۆبراین وتی: ئێران حکومەتێکی دیکەی لە ئەمریکا دەوێت، ئەوان دەیانەوێت جۆبایدن ببێتە سەرۆک کۆمار، واتە بۆ سەردەمی پێش ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێنەوە، ئەگەر ترەمپ دووبارە ببێتەوە سەرۆک کۆمار ئێمە بۆ ئەو سەردەمە ناگەڕێینەوە.
وتیشی کە ترەمپ هەوڵی زیاترکردنی گوشارە ئابورییەکان دەدات تا ئێران بۆ مێزی دانوستان بگەڕێتەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وتی: لە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ گوشارە ئابورییەکانی سەر ئێران هێندە زیاد دەبێت کە ئەوان توانای بەرگرییان بۆ ماوەی سێ یان چوار مانگ نابێت./.
