ئەنجومەنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، “لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگڵاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە”.
لهڕاگهیهندراوهكهدا هاتوهکە، “ئێمە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەکەینەوە. وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە، کە بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم.
چەندان ساڵیشە ڕێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا”.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەش بەوەدراوە کە، “لێرەدا جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە کۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکەیە و خوازیارین کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نیە.
لهكۆتاییشدا ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێم دهڵێت:”دەبێت هەموولایەک ڕێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێم بکەن. هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بگرنەبەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت”.