ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵى سێ پەرلەمانتارەکەى کورد لەسەر مەلەفى نەوت زیانى بۆ کورد دەبێت و سەرۆک وەزیرانیش ئیحراج دەکات،
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کەناڵى پەیامى رایگەیاندوە،گەورەكردنی پرسی گەندەڵی و ناشەفافی نەوت لەئێستادا لەلایەن هەرسێ پەرلەمانتاری كورد (هۆشیارعەبدوڵڵا، ئەحمەد حاجی رەشید، سەركەوت شەمسەدین)لە بەغداد و سەردانیان بۆ دادگا، زیانی دەبێت بۆ كورد.
ئاماژەى بەوەشکردوە، هەوڵى ئەو سێ پەرلەمانتارە دەبێتە هۆی ئیحراجکردنى عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عێراق، دەشڵێت”پێویستە لەوە زیاتر عادل عەبدولمەهدی ئیحراج نەكەین و لەم كاتەدا وروژاندنی ئەم بابەتە لەبەرژەوەندی كورد و عادل عەبدولمەهدی نیە”.
ئەندامەکەى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوو باسى لەوەشکردوە، ئەو كارەی ئەو سێ پەرلەمانتارە كردویانە بە رۆژنامەنوسێكیش دەكرێت و ئەوان تەنها چون زانیارییان لە دادگا وەرگرتووە، چونكە ناتوانن دەستوەربدەنە كاروبارەكانی دادگا، چونكە بەپێی یاسا دەستوەردان لە كاروباری یاسا بە تاوان ئەژمار دەكرێت.