سەروەت هەڵەبجەیی
له‌و کاته‌وه که به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق و به زۆرینه‌ی ده‌نگ له په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته هه‌ڵبژێردرا، کۆشکی سه‌لام به‌راورد به خولی پێشوو، جیاوازییه‌کی زۆری به خۆوه بینیوه.
له سه‌ردانه‌کانی ناوبراو بۆ وڵاتانی ناوچه‌که و جیهان و هاتنی شانده باڵاکانی ده‌ره‌وه ئه‌مه به ته‌واوی ڕوون بووه‌ته‌وه و پێم وایه هه‌ر دۆست و نه‌یارێک دان به‌م ڕاستییه‌دا ده‌نێت که سه‌رۆک کۆمار له‌م ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیدا تا چه‌نده له ئیش و کاره‌کانیدا سه‌رکه‌وتوو بووه و پێگه‌ی عێراقی له سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی به‌رزکردووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر هه‌ندێک تێڕوانینی هه‌ڵه‌ش له ناوخۆی کوردستان نه‌بێت، هه‌مووان ده‌زانن بوونی که‌سێک وه‌ک به‌رهه‌م ساڵح له به‌غدا تا چه‌نده ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی کورد له عێراقی ئه‌مڕۆدا بێت.
یه‌کێک له وێستگه‌کانی سه‌رکه‌وتنی دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه. ئه‌گه‌رچی که له عێراقدا وا باس ده‌کرا سه‌رۆک کۆمار پۆستێکی بێ کاریگه‌ره و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له ناوخۆی کوردستانیش به هه‌موو شێوازێک هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا ئه‌و پۆسته وه‌ک به‌رکه‌وته‌ی کورد له هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق به بێ بایه‌خ بزانن، به‌ڵام بوونی که‌سێکی به‌توانا و کارێزمای وه‌ک به‌رهه‌م ساڵح دیسانه‌وه شکۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار و ڕۆڵی کورد له عێراقدا گه‌ڕانده‌وه.
به‌رهه‌م ساڵح به هۆی مێژووی سیاسی و ئه‌و ئه‌زموونه سه‌رکه‌وتووه‌ی ڕابردووی له سه‌رۆکایه‌تی کۆماریشدا پله‌کانی سه‌رکه‌وتنی بڕی و به بۆچوونی زۆربه‌ی شاره‌زایانی ناوچه‌که له ماوه‌ی ڕابردوودا یه‌کێک له چالاکترن سه‌رۆک و به‌رپرسی باڵای وڵاتان بووه.
سه‌رۆک کۆماره کورده‌که‌ی عێراق له سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئێران نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی بۆ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی ناوچه‌که خسته‌ڕوو. ئه‌و به ته‌واوی له تاران ڕوونیکرده‌وه که بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی ناوچه‌که پێویسته سیسته‌مێکی نوێی ناوچه‌یی پێناسه بکرێت که به هۆی هه‌لومه‌رجی جوگرافی و سیاسییه‌وه عێراق تێیدا ڕۆڵی به‌رچاو و کاریگه‌ری ده‌بێت.
پلانه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێت که عێراق پاش تێپه‌ڕاندنی ساڵانی نه‌هامه‌تی سه‌دامی دیکتاتۆر و ململانێ و شه‌ڕی ناوچه‌یی، ئێستا بووه‌ته ناوه‌ندێک بۆ وتووێژ و لێک نزیکبوونه‌وه و یه‌کگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی جیهان به تایبه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی.
عێراقی سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح له گه‌رمه‌ی ئاڵۆزییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکاش هه‌وڵی پیشاندانی هێز و کاریگه‌ری خۆی به هه‌مان ئامانجی دوورکه‌وتنه‌وه له ململانێکان و لێک نزیککردنه‌وه‌ی نه‌یاره‌کان ده‌دات. ئه‌وه‌ی له به‌غداوه له لایه‌ن سه‌رۆک کۆماره‌وه و به هاوڕێبوونی سه‌رۆک وه‌زیران گه‌ڵاڵه کراوه، ئه‌وه‌یه که عێراق خوازیاری په‌یوه‌ندییه‌کی هاوسه‌نگه له گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که و جیهان.
عێراق ده‌یه‌وێت ڕۆڵ و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیی هه‌بێت و سه‌رۆک کۆماریش له‌م پێناوه‌دا شوێن پێی خۆیی کردووه‌ته‌وه و بۆ هه‌مووانی سه‌لماندووه که ئه‌زموونه‌که‌ی ده‌توانێت ڕه‌زامه‌ندی عێراقییه‌کانی به دواوه بێت.
کاتێک که به‌رهه‌م ساڵح بوو به سه‌رۆک کۆماری عێراق، بۆچوونی شاره‌زایانی کاروباری ناوچه‌که ئه‌وه بوو که ناوبراو وه‌ک قوتابی مه‌کته‌بی مام جه‌لال ده‌توانێت درێژه‌پێده‌ری هه‌مان سه‌رده‌می زێڕینی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار بێت. له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌یدا به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه که بڕوای به هه‌مان ئایدۆلۆژیای سیاسی و بیرکردنه‌وه‌ی مام جه‌لال هه‌یه و عێراق و ناوچه‌که‌ش له داهاتوو چاوه‌ڕوانی ڕۆڵ و کاریگه‌ری زیاتری ئه‌و ده‌که‌ن که بێ گومان دیمه‌نێکی دیکه‌ی عێراق به جیهانی ده‌ره‌وه پیشان ده‌دات./