تیمێک لەلایەن وەزیری داراییەوە راسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۰ـی هەرێمی کوردستان،
بەڕێوەبەری بودجەش لە وەزارەتی دارایی دەڵێ بەپێی داهاتی وەزارەتی دارایی، بودجەکە ئامادەدەکەن.
پەروین محەممەد، بەڕێوەبەری بودجە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند “رۆژی سێشەممە (٦-۸-۲۰۱۹) وەزیری دارایی و ئابووری رایسپاردین پرۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۰ـی هەرێمی کوردستان ئامادەبکەین. ئێمەش دەستمان بە ئامادەکاری و دانانی پلان بۆ ئامادەکردنی پرۆژەکە کردووە، لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی دەستمان دەکەوێت،
جێی ئاماژەیە حکوومەتی عێراق زیاتر لە سێ مانگە سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای بودجەیە و تاوەکو مانگی ۱۰ـی ئەمساڵ، دەبێت رەشنووسی یاسای بودجە بداتە پەرلەمان.
هاوکات ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند “وەزارەتی دارایی لە مانگی ئایارەوە لیژنەی ئامادەکردنی بودجەی راسپاردووە. لیژنەکە سێ ئەندامی پەرلەمانی تێدایە. پرۆژەبودجەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە، واتە ساڵەکانی ۲۰۲۰ و ۲۰۲۱ و۲۰۲۲ کە ئەمەی دواییان یەدەگە،
ئەحمەد سەفار هەروەها دەشڵێت؛ تاوەکو ئێستا لیژنەکە نەگەیشتووەتە ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە “نوێنەرانی کورد، وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەژێر گوشاری لایەنەکانی عێراقدان، چونکە هەرێمی کوردستان رۆژانە ۲٥۰ هەزار بەرمیلی نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا نەگاتە رێککەوتن ئەوە کارێکی باش نابێت،
دەستکردن بە ئامادەکاری بۆ نووسینەوەی پرۆژەبودجەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە بۆ بەهۆی قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ساڵی ۲۰۱۳ـە بەدواوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پرۆژەبودجەیەکی ئامادەنەکردووە.