جێگری وەزیری بەرگری ئێران ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە توانا مووشەکییەکانی ئەم وڵاتە بە نهێنی ماوەتەوە و خاوەنی چەندین جۆرە مووشەکە کە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بەوان بڵاو نەبووەتەوە.
لیوا قاسم تەقیزادە ڕایگەیاندووە کە بە هۆکاری ئەمنی توانا مووشەکییەکانی ئێران بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە.
بە وتەی ئەم بەرپرسە سەربازییە، ئێران بۆ دەسخستنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی، کەڵک لە تۆڕی ۹۳ زانکۆی خۆی وەردەگرێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بە وردی کار لە سەر توانای مووشەکەکان بۆ لێدانی ئامانجە دیاریکراوەکان کراوە.
پلانی مووشەکی ئێران بە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا دادەنرێت. تاران ڕەتیدەکاتەوە سەبارەت بەم دۆسیەیە لە گەڵ ئەمریکا و ئەورووپا دانوستان بکات.
ئێران دەڵێت پەرەپێدانی بواری مووشەکی بە ئامانجی بەرگرییە و دژایەتی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناکات./.
