یەکێتی ئەورووپا جێبەجێکردنی میکانیزمی دارایی تایبەت بە ئێران و یەکەم ئاڵوگۆڕی دارایی لەم ڕێگایەوە ڕاگەیاند، ئەمەش پاش کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە ڤییەنا بووە.
ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران بەم بۆنەوە ڕەخنەی لە حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە حکومەت نابێت دیسانەوە هەموو بابەتەکان به گرێداوی جێبەجێکردن یان نەکردنی میکانیزمی دارایی ئەورووپا بزانێت.
محەممەد ئیبراهیم ڕەزایی ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە میکانیزمی دارایی یەکێتی ئەورووپا بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە دابین ناکات و نابێت وەک ئامرازی بێ کاریگەربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا سەیر بکرێت.
بە وتەی ناوبراو ئەم میکانیزمە داواکارییەکانی ئێران لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی جێبەجێ ناکات.
ئەندامەکەی پەرلەمانی ئێران هەروەها پێی وایە کە ئەم میکانیزمە کە بە ئینستێکس ناسراوە، داهاتە نەوتییەکان و هەروها بەشداری کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەورووپی لە ئێران دەستەبەر ناکات.
ڕەزایی وتی: ئامانجی وڵاتانی ئەورووپی تەنیا کات بە فیڕۆدانە و بەم سیاسەتەی ئەمریکا ناتوانین هیوایەکی ئەوتۆمان بە میکانیزمی دارایی ئەورووپا هەبێت./.
