
تره‌مپ دۆسیه‌ی ئاشتی ئه‌فغانستان له گه‌ڵ ڕاوێژکاره‌کانی تاوتوێ ده‌کات
دوناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دۆسیه‌ی ئاشتی ئه‌فغانستانی له گه‌ڵ گه‌وره ڕاوێژکاره‌کان و به‌رپرسانی باڵای کۆشکی سپی تاوتوێ کردووه.
له‌و کۆبوونه‌وه‌دا هه‌ر یه‌ک له مارک ئه‌سپه‌ر وه‌زیری به‌رگری و مایک پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌شدارییان کردووه.
جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و زه‌ڵمای خه‌لیلزاد نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ دانوستانه‌کانی تاڵیبان له به‌شداربووانی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ی تره‌مپ بوون.
تره‌مپ له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی توێته‌ر ڕایگه‌یاندووه که کۆبوونه‌وه‌که ئیجابی بووه و هیوامان به ئه‌گه‌ری ڕێکه‌وتنی ئاشتی له گه‌ڵ تاڵیبان هه‌یه.
ئه‌گه‌رچی ورده‌کاری زیاتری کۆبوونه‌وه‌که‌ی تره‌مپ و ڕاوێژکاره‌کانی بڵاو نه‌بووه‌ته‌وه به‌ڵام کۆشکی سپی ڕاگه‌ێندراوێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه که تێیدا هاتووه کۆبوونه‌وه‌که تایبه‌ت به تاوتوێکردنی دانوستانه‌کانی ئه‌مریکا و تاڵیبان، پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی له ئه‌فغانستان و چۆنیه‌تی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌م وڵاته بووه.
له لایه‌کی دیکه‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش ڕایگه‌یاندووه که وڵاته‌که‌ی پابه‌ندی په‌یوه‌ندی و هاوکاری نزیکه له گه‌ڵ حکومه‌تی ئه‌فغانستان بۆ گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنی ئاشتی گشتگیر له‌م وڵاته./.