سه‌رۆک کۆمارانی ئه‌مریکا و فه‌ره‌نسا دۆسیه‌ی ناوه‌کی ئێرانیان له ڕێگای وتووێژێکی ته‌له‌فوونییه‌وه تاوتوێ کردووه. پاش بڕیاره‌که‌ی تاران بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و پشتڕاست کردنه‌وه‌ی له لایه‌ن ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناوه‌کی، ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا به تایبه‌ت ئه‌مریکا ڕووی له زیادبوون کردووه.
جێگری وته‌بێژی کۆشکی سپی هه‌واڵی وتووێژی تهلهفوونی تره‌مپ و مه‌کرۆنی له سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره ڕاگه‌یاندووه که تێیدا جه‌خت له‌وه کراوه‌ته‌وه نابێت ئێران ده‌ستی به چه‌کی ناوه‌کی بگات.
ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که بڕیاره سه‌رۆک کۆماری فه‌ره‌نسا گه‌وره ڕاوێژکاری خۆی بۆ جاری دووه‌م بنێرێته تاران. سه‌ید عه‌باس موسه‌وی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاندووه که ئیمانۆئل بۆن ڕاوێژکاری سه‌رۆک کۆماری فه‌ره‌نسا بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه به سه‌ردانێکی دوو ڕۆژه ده‌گاته تاران و له گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئێران کۆده‌بێته‌وه./.