سەركۆ یونس
ئابوریناس،،
حكومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردودا بڕیاری جێ بەجێ كردنی پرۆژەی پردی تووەقوتی لەسەر ڕوباری سیروان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیاند و بڕی (8) ملیار و (450) ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردوە ئومێدەوارین لە كابینەی نوێ ی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بكرێت بە دروست كردنی پردەكە .
ڕێگاوبان و گوستنەوەی هاوڵاتیان و شمەك و كاڵاكان بەگرنگترین هۆكاری سەرەكی دادەنرێن بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابوری بەگشتی و كەرتی بازرگانی و گەشتوگوزار بە تایبەتی ، كورتكردنەوەی ڕێگا دوورەكان لە بازرگانی ناوخۆیی و دەرەكی هۆكارێكی ڕاستەوخۆیە بۆ بەرەوپێش چوون و برەوسەندنی ئەم كەرتانە،خۆشبەختانە بە هەوڵ و ماندوو بونی خەمخۆران و دۆستانی هەڵەبجە لەدوا ساتەكانی كابینەی هەشتەم بودجەی تایبەت تەرخان كرا بۆ ئەم پرۆژە ستراتیژیە و جێگای خۆیەتی سوپاسی تایبەتیان بكرێت.
بەپێویستی دەزانین گرنگترین دەرئەنجامەكانی ئەم پرۆژە ستراتیژییە بخەینە بەرچاو بۆ ئەوەی لە گرنگی ئەم پردە ئاشنا بین .
بەجێ بەجێ كردنی ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی كرانەوەی سنوری داخراوی پارێزگای هەڵەبجە كە پێشتر تەنها لە یەك ڕێگاوە هاتوچۆ دەكرا و هەر ئەم داخراوییەش گلەو گازەندەی دانیشتوانی ناوچەكە بووە و بۆیە پێمان وایە بە كردنەوەی ئەم پردە ستراتیژیە سنوری هەڵەبجە ڕزگار دەكات لە داخراوی و گۆشەگیری بە ئەمەش هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە سنورێكی فراوانی پڕ چالاكی بازرگانی و كشتوكالێ دەڤەری گەرمەسێر.
ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری بەگشتی و كەرتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بەتایبەتی .چونكە وەك ئاشكرایە دەڤەری گەرمەسێر ژمارەیەك وەبەرهێنەرو بازرگانی چالاكی تێدایە و كارو چالاكی و پرۆژەكانیان جێگای پێزانینە و لەم ڕێگەیەوە هەلی كار بۆ ڕێژەیەكی بەرچاو لە بێكارانی ناوچەكە پەیدا دەبێت كە لە ئێستادا هەردوولا دەست گرفتی بێكاریەوە دەناڵێنن.
لەهەمانكاتدا بەهۆی بوونی ڕەگەزەكانی گەشتوگوزار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان ئەم پردە دەبێتە دەرچەیەكی گرنگ و كاریگەر بۆ ڕاكێشانی گەشتیارانی ناوچەی گەرمەسێر و تەنانەت پارێزگای دیالە و بەغدادی پایتەختیش ئەو ڕێگا دوورو درێژەی پێشوو كورت دەكاتەوە و ئاسانكاریەكی باش پێشكەش بە گەشتیاران دەكات.
برەوسەندنی لایەنی كۆمەڵایەتی هەردوولا (پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان) بەهۆی بوونی چەندین عەشیرەت و هۆز و تیرە لەمبەرو ئەوبەری سیروان، بێ گومان بە كردنەوەی ئەم پردە ستراتیژە لایەنی كۆمەڵایەتی بەرەو پێش دەچێت و بواری خزمایەتی و كۆمەڵایەتی سنورەكە گەشە دەكات و هاتوچۆی زیاتر دەكرێت كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پتەوكردنی كەرتەكانی ئابوری بەخۆوە دەبینێت.
كەمبونەوەی تێچونی گواستنەوەی ئەو شمەك و كاڵایانەی كە لەسنوری ئیدارەی گەرمیانەوە ڕەوانەی سنوری هەڵەبجە دەكرێت بەتایبەت بەهۆی بوونی مەرزی پەروێزخانی نێودەوڵەتی یەوە وەك ئاشكرایە قەبارەی هاوردەكردنی كەلوپەلی ئێرانی لەو مەرزەوە گەورەیە ئەمەش دەبێتە هۆی بەئاسان گەشتنی بە دەستی هاوڵاتیانی سنوری هەڵەبجە لەكاتێكی كەم و بە تێچونی كەمتر و لەهەمان كاتدا بەهۆی بونی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە لەناوچەكە و بونی ئەم پردە ڕێگا ئاسان دەكات بۆ گواستنەوەی شمەك و كاڵاكان بۆ دەڤەری گەرمیان و ناوچەكانی تر .
هیوادارین لایەنەپەیوەندیدارەكان لەئیدارەی خۆجێ ی هەردولا بە پەرۆشەوە هەوڵی تەواو بدەن بۆ جێ بەجێ كردنی پرۆژەكە و چاودێری لایەنی جێ بەجێكار بكەن بۆ ئەوەی لەماوەی دیاری كراوی خۆیدا و بە باشترین شێواز و دیزانین و باشترین كەرەسەكان جێ بەجێ بكرێت ,تا بتوانین لەم ڕێگەوە هاونیشتیمانیان سوود ببینن لەم پرۆژە گرنگ و ستراتیژە.بەئومێدین لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێ ی حكومەتی هەرێم بە زووترین كات دەست بكرێت بە جێ بەجێ كردنی پرۆژەكە ..