جۆری بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكرێت
لیژنەی یاسایی پارلەمان ڕەتیدەكاتەوە لەڕێگەی پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینییەوە دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕدرێت، ئەندامێكی لیژنەكەش ئەو جۆرە دەرماڵانە ئاشكرادەكات كە دەبڕدرێن.
ڕوپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری یاسایی لەپەرلەمانی ڕایگەیاندوه؛ “لەپڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی و موچەو دەرماڵەكان، كە ئێستا لای حكومەتە، پێداچونەوە بەخەرجكردنی دەرماڵەكان بۆ فەرمانبەران دەكرێت، بەجۆریک هەر فەرمانبەرێك لەڕوی یاساییەوە شایستەی دەرماڵەیەك نەبوو بۆی خەرج ناکرێت،
ئەو ئەندامەی کاروباری یاسایی گوتیشی؛ بەگوێرەی رێنماییە داراییەكان فەرمانبەرهەیە نابێت دەرماڵەی مەترسی وەربگرێت، بەڵام بۆی خەرجدەكرێت، بۆیە پێداچونەوە بەدەرماڵەی هەموو فەرمانبەران دەكرێت و بەگوێرەی جۆری كارەكەیان بۆیان خەرج دەکرێت،
هاوکات ڕوپاک ئەحمەد ڕونیشی کردەوەکە؛ هەرچەندە تائێستا پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی و موچەو دەرماڵەكان نەهاتۆتە پەرلەمان، بەڵام لەوە دڵنیاین كە دەرماڵەی موچەخۆران نابڕدرێت، بەڵكو پێداچونەوەی بۆ دەكرێت و جارێکی دیکە ڕێک دەخرێتەوە،
ڕوپاك ئەحمەد له درێژهی لێدوانهكهیدابۆ “تۆڕی ههواڵی سلێمانی” ئاماژە بە گرفتێکی دیكە دەكات و دەڵێت ؛موچەخۆر هەیە مینحەی زیندانیانی سیاسی وەردەگرێت، موچەی كەسوكاری شەهیدانی هەیەو لەلایەكی دیكەشەوە خۆی موچەخۆری حكومەتە، بۆیە دەبێت رێكخستنەوە بۆ ئەم موچەخۆرانەش بكرێت و سیستمی یەك موچەیی جێبەجێ بکرێت،
هاوکات باسی لەوەشکردکە؛ئیرادە هەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە چاكسازیی بكرێت و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانیش جەخت لەپەسەندكردنی دەكەنەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت تێپەڕێنرێت لەئایندەدا.