ئه‌مریکا بۆ جاری دووه‌م بانکی ناوه‌ندی ئێرانی خسته ڕیزی سزاکانی خۆیه‌وه. پرسیار ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر پێشتر بانکی ناوه‌ندی ئێران به‌شێک له سزاکان بووه، سزاکه‌ی ئه‌مجاره به چ مانایه‌ک ده‌بێت؟
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریکا ناوی چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی ئابوری به تایبه‌ت بانکی ئێرانی وه‌ک به‌شێک له سزاکانی تایبه‌ت به کاردانه‌وه‌کانی پاش هێرشه‌که‌ی ئارامکۆی سعوودیا ڕاگه‌یاندووه. بانکی ناوه‌ندی ئێران، سندۆقی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی ئێران و کۆمپانیای ئعتماد پارس بۆ کاروباری بازرگانی.
له به‌یاننامه‌که‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریکادا هاتووه که بانکی ناوه‌ندی ئێران سه‌رچاوه داراییه‌کانی سوپای قودس و حیزبووڵای لوبنانی دابین کردووه و تا ئێستا چه‌ندین ملیار دۆلاری بۆ سوپای پاسداران دابین کردووه.
سندۆقی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی ئێران که سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆکی بانکی ناوه‌ندی و وه‌زیری نه‌وتی ئێران له ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌یدا ده‌بینرێن، به هه‌مان شێوه به دابینکردنی سه‌رچاوه داراییه‌کانی سوپای پاسداران تۆمه‌تبار کراوه.
سزادانی کۆمپانیای پارس په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێرانه‌وه هه‌بووه و به پێی به‌یاننامه‌که‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریکا له به‌شی ده‌ره‌وه ئاسانکاریی بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی ئێران کردووه.
بانکی ناوه‌ندی ئێران پێشتر به‌شێک له سزا و گه‌مارۆ ئابورییه‌کانی ئه‌مریکا له دژی ئه‌و وڵاته بووه. ئه‌مجاره که‌وتووه‌ته ڕیزی دابینکارانی دارایی تیرۆریزم و هه‌ڵگرتنی ئه‌م سزا و گه‌مارۆیه‌ش ئه‌سته‌مه و کاردانه‌وه‌ی هاوکاری له گه‌ڵ ئه‌م بانکه‌ش زۆر قورس‌تر ده‌بێت./.
