دوو کچی دیکەی کوردی ئێزدی دوای رزگاربوونیان لەدەستی داعش چیرۆکی ژیانی ژێردەستی ئەو خەلافەتە دەگێڕنەوە و دەڵێن، تووشی دەردەسەری و نەهامەتی زۆر بوون.
ئەوان کە لە باغۆز دوایین پێگەی داعش لە سووریا بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە هەڵاتوون دەڵێن، لەو شارۆچکەیە بە پارە رزگارکراون، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3 هەزار و چوارسەد کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون و چارەنووسی زیاتر لە 1900 رفێندراوی دیکەش دیار نییە.
داعش لە ساڵی 2014 کاتێک هێرشیکردە سەر شنگال، بەهەزاران کچ و ژنی ئێزدی رفاند و بۆ ئەو ناوچانەی بردن کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدابوو. ئێستا کە داعش نەماوە، بەشێک لەو کچ و ژنانە ئازادبوونەو گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ناڤین بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە نێو داعش بووە، بەشێکی زۆری ژیانی لە ترسدا بردووەتەسەر و ئێستا بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی دڵخۆشە.
ناڤین دەروێش، رزگاربووی دەستی داعش دەڵێت: “کە دەخەوتم دەترسام، بەیانیان هەڵدەستام دەترسام، هەموو کاتێک ترس و ترس و ترس، دواجار گوتم ئەم ترسە بەسە. ناتوانم هەمیشە وابم و پێیان دەڵێم من ئێزدیم، چی روودەدات با رووبدات. ئەمە بەسە. بەڵام سوپاس بۆخوا، زۆر ئاسان بوو، نەمدەزانی وا ئاسانە ئەگەر بڵێم ئێزدیم”.
ناڤین لە نێو داعش بووە کاتێک دایکی مردووە، ئەمەش ئازارێکی قوڵی لا جێهێشتووە، بەدەر لە ناڤین چەندین کچ و ژنی دیکەی ئێزدی لە نێو داعش، بەهەمان ئازار و ناڕەحەتیدا تێپەڕیون.
بەشێک لەو کچانە لەلای چەکدارە بیانییەکانی داعش بوونە، ئەمەش وایکردووە بەدەر لە زمانی خۆیان و عەرەبی، هاوکات فێری زمانی دیکەش ببن لە نێویاندا رووسی و ئینگلیزی.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی تاوەکو ئێستا لە کۆی “6417” کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، نزیکەی “3425” کەس رزگارکراون لەنێویاندا “1921” منداڵ هەن و هەوڵەکانیش بۆ رزگارکردنی ئەوانەی ماون بەردەوامن.