ئەمڕۆ جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد.
دوابەدوای بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، جەمال حاجی محەمەد بە سەرۆک و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆک و پێشڕەو رەئوف بە سکرتێری جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران.
هاوکات سەرۆکی جڤاتی گشتیی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و رۆژی شەممەی داهاتو (۱٤-۹-۲۰۱۹) هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و پێنج ئەندامەکەی دیکەی خانەی راپەڕاندن دەکرێت.
جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان پاش هەڵبژاردنی بە “سبەی” راگەیاند: پڕۆسەکە زۆر دیموکراتی و شەفاف بوە و راستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخشکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەرکی جڤاتی گشتی راوێژکارییە و ژمارەیەک لیژنە دروست دەکرێت بۆ ئامادەکردنی ژمارەیەک پڕۆژە یاسا، کە دواتر ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکرێت بۆ پەسەندکردنیان، پاشان بەپێی تایبەتمەندی ئاڕاستەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت،
جێی باسە لەدوو ڕۆژی ڕابردوداو پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکە،حەوت ئەندامی دیاری گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بەبزوتنەوەی گۆڕانکرد،بەڵام تاهەنوکە هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە سەبارەت بە هۆکاری وازهێنانیان لەبزوتنەوەکە.