ڕاپۆرت : سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی
له گه‌رمه‌ی ململانێکانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا و په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌کان له ناوچه‌که، عێراق ئه‌و وڵاته‌یه که زیاترین سرنجی له سه‌ره. عێراق وڵاتێکه که په‌یوه‌ندیی به هه‌ر دوو وڵاتی ئێران و ئه‌مریکاوه هه‌یه یان به واتایه‌کی باشتر ده‌بێت بڵێین که هه‌ر دوو وڵات له عێراقدا پێگه و کاریگه‌ری خۆیان هه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئێران له عێراقدا زیاتر پشت به چه‌ندین لایه‌نی شێعه‌ی نێو حه‌شدی شه‌عبی ده‌به‌ستێت، ئه‌و لایه‌نانه‌ی که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانه‌وه به به‌شێک له به‌ره‌ی خۆڕاگری داده‌نرێت.
به‌ره‌ی خۆڕاگری له لایه‌نه‌کانی سه‌ر به ئێران له چه‌ندین وڵاتی وه‌ک سوریا، عێراق، فه‌ڵه‌ستین و لۆبنان داده‌نرێت، واته ئه‌وانه‌ی که بڕیاره جێبه‌جێکاری سیاسه‌ته‌کانی تاران بۆ مسۆگه‌ربوونی پلانی هیلالی شێعی بن.
یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ی که له عێراق به نزیک له تاران داده‌نرێت و له ئه‌گه‌ری هه‌ر شه‌ڕ و پێکدادانێکی نێوان تاران و واشنتن به به‌شێک له‌و شه‌ڕه هه‌ژمار ده‌کرێت و ڕه‌نگه چه‌کی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریکا له عێراق له لایه‌ن ئێرانه‌وه بێت، بزوتنه‌وه‌ی نۆجهبایه.
له ڕۆژانی ڕابردوو شاندێکی نۆجه‌با به سه‌رۆکایه‌تی نه‌سر شه‌مه‌ری جێگیر ئه‌میندار و وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌که سه‌ردانی تارانی کرد و چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئێران هه‌بووه. به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌کان زیاتر له گه‌ڵ باڵی بناژۆخوازی ئه‌م وڵاته واته سه‌ر به ڕێبه‌ری باڵا و سوپای پاسداران بوون، ئه‌وانه‌ی که له ئێستادا به پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆک کۆمار هه‌ر چه‌شنه دانوستانێکیان له گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌مریکا ڕه‌تکردووه‌ته‌وه.
کۆبوونه‌وه‌کانی شاندی نۆجه‌با له تاران:
له گه‌ڵ سه‌رۆکی لێژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێران:
شانده‌که‌ی نۆجه‌با له یه‌که‌م وێستگه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌دا له گه‌ڵ موجته‌با زولنور سه‌رۆکی لێژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێران کۆبووه و تێیدا نه‌سر شه‌مه‌ری به ڕاشکاوانه پاڵپشتی خۆی و بزوتنه‌وه‌که‌ی له ئێران له سه‌ر خاکی عێراق ڕاگه‌یاند و وتی که بۆ پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران سه‌ردانی تارانم کردووه.
ئاماژه‌ی ناوبراو به تێکشکانی فڕۆکه بێ فڕۆکه‌وانه ئه‌مریکییه‌که و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی که‌شتییه به‌ریتانییه‌که له گه‌رووی هۆرمۆز له لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانه که ئاڵۆزییه‌کانی ناوچه‌که‌ی به ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌دا بردووه. به‌رپرسه‌که‌ی نۆجه‌با له‌م کۆبوونه‌وه‌دا ڕایگه‌یاندووه که ئه‌مریکا پلانێکی به ده‌سته‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر له کۆنگرێس په‌سه‌ند بکرێت ئه‌وانه‌ی له عێراق هاوکاری ئێران ده‌که‌ن، سزا ده‌درێن. شه‌مه‌ری ڕایگه‌یاندووه که له‌و کاته‌دا ئێمه هه‌وڵی ده‌رکردنی باڵیۆزی ئه‌مریکا و کۆتایی هێنان به په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و ئه‌م وڵاته ده‌ده‌ین.
له گه‌ڵ گه‌وره ڕاوێژکاری ڕێبه‌ری ئێران بۆ کاروباری نێوده‌وڵه‌تی:
شانده‌که‌ی نۆجه‌با له تاران له گه‌ڵ عه‌لی ئه‌کبه‌ر وه‌لایه‌تی گه‌وره ڕاوێژکاری ڕێبه‌ری ئێران بۆ کاروباری نێوده‌وڵه‌تی کۆبووه و به هه‌مان شێوه پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران له به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا ڕاگه‌یاند.
له گه‌ڵ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران:
نه‌سر شه‌مه‌ری و شانده‌که‌ی یاوه‌ری له تاران له گه‌ڵ سه‌عید جه‌لیلی نوێنه‌ری ڕێبه‌ری ئێران له ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئه‌م وڵاته کۆبوونه‌وه. جه‌لیلی له که‌سانی توندڕۆی سه‌ر به باڵی بناژۆخوازی ئێران هه‌ژمار ده‌کرێت و دانوستانکاری باڵای ناوه‌کی ئه‌م وڵاته له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بووه و له ئێستادا به نه‌یارێکی کابینه‌که‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دانوستان له گه‌ڵ ئه‌مریکا داده‌نرێت.
شه‌مه‌ری له‌م کۆبوونه‌وه‌دا ڕایگه‌یاند و دڵنیایی به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران‌دا که هه‌ر حکومه‌تێک له عێراق دژایه‌تی ئێران بکات ته‌نیا له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌ڕووخێت. لێدوانێک که بێ گومان په‌یامی زۆری به دواوه ده‌بێت و نیگه‌رانییه‌کان له ئه‌گه‌ری ئاڵۆزتربوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکا لای عێراقییه‌کان زیاتر ده‌کات.
له گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی پێشووتری سوپای پاسدارانی ئێران:
شانده‌که له درێژه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ تاران له گه‌ڵ یه‌حیا ڕه‌حیم سه‌فه‌وی گه‌وره ڕاوێژکاری سه‌ربازی ڕێبه‌ری ئێران و فه‌رمانده‌ی پێشووتری سوپای پاسدارانی ئێران کۆبووه که بێ گومان به پێی شاره‌زایی سه‌ربازی لایه‌نی ئێرانی له‌م کۆبوونه‌وه‌دا زیاتر باس له دۆخی سه‌ربازی عێراق و بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا کراوه و جێگری ئه‌مینداری گشتی نۆجهباش هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌دا ڕایگه‌یاند که چاودێریمان خستووه‌ته سه‌ر 11 بنکه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریکا له عێراق.
له گه‌ڵ سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی ئێران:
نه‌سر شه‌مه‌ری له گه‌ڵ موحسین ڕه‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووتری سوپا له سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران – عێراق و سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی ئێرانیش کۆبووه. له‌م کۆبوونه‌وه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌وانی دیکه باس له پاڵپشتی ئێران له به‌رامبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا کرا.
ئه‌م سه‌ردانه له کاتێکی هه‌ستیاردا کراوه.
له ناوچه‌که ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئێران – ئه‌مریکا و به‌ریتانیا زیاتر بووه، له عێراق سه‌رۆک وه‌زیران فه‌رمانی ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبیی داوه که به ڕای چاودێران ده‌توانێت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فه‌رمی ئه‌م هێزانه بێت. ئێران نایه‌وێت گرووپه‌کانی نزیک له‌م وڵاته له ڕیزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی بخرێنه ژێر دسه‌ڵاتی سوپا و چیدی فه‌رمان له تاران وه‌رنه‌گرن.
نۆجه‌با له‌م سه‌ردانه‌دا دڵنیایی داوه‌ته ئێران که له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی هه‌ر شه‌ڕێک، ئه‌مریکییه‌کان له عێراق پارێزراو نابن، ئه‌مه‌ش کارتێکی ده‌ستی تاران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریکا له سه‌ر خاکی عێراق ده‌بێت./.