لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە سیاسەتی تەشریعیی پەرلەمانی كوردستان، هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕوات و تەواوكەری یەكتر بن.
بە مەبەستی تاووتوێكردنی ژمارەیەك پڕِۆژەیاسا بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت، سەعات ۱۰:۳۰ی بەیانیی ئەمڕۆ ۲۱ی ئابی ۲۰۱۹، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی د.
ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بژار كۆچەر سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنەكە، كۆبوونەوە.
تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە تاووتوێكردنی ئەو پڕِۆژەیاسایانەی كە بڕیار وایە لە دانیشتنەكانی وەرزی نوێی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت، كە ۱۱پڕِۆژەیاسا لەخۆ دەگرێت، پاش تاووتوێكردنی سەرجەم پڕِۆژەیاساكان بڕیار درا ٦ پڕۆژەیاسا لە وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت و ئەو پڕِۆژەیاسایانەشی كە بارگرانیی دارایی بۆ حكوومەت دروست دەكەن، ڕەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە سیاسەتی تەشریعیی پەرلەمانی كوردستان، هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕوات و تەواوكەری یەكتر بن.