سەرکردەی یەکێک لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ تاران و چاوپێکەوتنی ڕێبەری ئێران داوای هەڵوەشانەوەی ئەم هێزانەی کردووە.
ئەبو ئالا وەلایی سەرکردەی کەتیبەکانی سەید شوهەدای سەر بە حەشدی شەعبی بە کەناڵی ئەلعالەمی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی سەر بنکە و جبەخانەکانی حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیل و بە هۆی لاوازی سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراقەوە بووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە گوشارەکان لە سەر حکومەتی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەری کڕینی سیستەمی ئێس ٤۰۰ ی ڕووسیا لە لایەن عێراقەوە لە ئارادایە.
ئەم سەرکردەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل دووبارە ببێتەوە، کێشەی گەورە دەکەوێتە بەردەم حکومەتی عێراق.
ئەبو ئالا وەلایی ڕایگەیاندووە کە پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەبرێتە پەرلەمان و عێراقی پاش شکستی داعش پێویستی بو ژمارە زۆرەی هێزەکانی ئەم وڵاتە نییە./.
