ئەندامێکی ڕەوتی حیکەمی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی کابینەی عادل عەبدولمەهدی بە پێی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ناتوانن لەم کابینەی نوێ بەشدارییان هەبێت.
حەسەن فەدعەم بە ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی نوێی عێراق وتی کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێکەوتی ئەوە کراوە کە هیچ وەزیرێکی پێشووی عێراق بە تایبەت لە کابینەی عەبدولمەهدی بوونیان نەبێت.
ناوبراو داوای لە لایەنە کوردییەکانیش کردووە کە بۆ وەزارەتەکانی داد و دەرەوە هیچ وەزیرێکی پێشوو کاندید نەکەن.
فەدعەم وتی: لەم هەلومەرجەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا چەندین فراکسیۆنی سیاسی داوای ئەوەیان کرد کە وەزیری تەندرووستی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە بەڵام لایەنە سیاسییەکان جەختیان لە سەر نەبوونی هیچ وەزیرێکی پێشوو کردەوە و ئەوەش جێبەجێ کرا./.
