رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌ندەن له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت، عێراق بووه‌ته گۆڕەپانی جه‌نگێكی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موو ئاماژه‌كان ده‌یسه‌لمێنن ئەوەی ئیسرائیل له سووریا ده‌ستیپێكرد له‌وانه‌یه به پشتیوانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق دژی ئێران ته‌واوی کات،
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئهمنیەوە كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه ده‌ڵێت: “ئه‌وه روونه ئێمه له‌ناو جه‌نگێكی راسته‌قینه‌ی شكاندنی ئێسكین له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌لایه‌ك و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌لایه‌كی دیكه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشکرایە هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه‌ش عێراقیان وه‌ك گۆڕەپانی جه‌نگێكی رانه‌گه‌یێنراو هه‌ڵبژاردووه،
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه ده‌ڵێت: “ئاماژه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه له‌وانه‌یه به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا، ئیسرائیل ئه‌وه‌ی له سووریا دژی ئێران ده‌ستیپێكرد له عێراق ته‌واوی بكات و پێگه‌ی هێزه جۆربەجۆرهكانی ئێران له عێراق بكاته ئامانجی هێرشەکانی،
ته‌قینه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌كی باشووری به‌غدا چیرۆكی جیاوازی له‌باره‌وه ده‌گوترێت، هه‌ندێك ده‌ڵێن فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی و ئیسرائیلی ته‌قاندوویه‌تییه‌وه و هه‌ندێكی دیكه‌ش پێیانوایه به‌هۆی خراپ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانه‌وه كۆگاکەی حه‌شدی شه‌عبی ته‌قیوه‌ته‌وه.
ئەگەرچی ئیسرائیل دانی به‌وه‌دا نه‌ناوه به‌رپرسی لێدانی پێگه‌ی ئێرانییه‌كان بێت له عێراق، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌ندیك لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌منی ئیسرائیلی كه دزه‌یان پێكراوه‌ته ناو میدیاكانه‌وه و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، ئیسرائیل هێڵی ڕوبەڕوبونەوەو و بنبڕكردنی ئێرانییه‌كان له سووریا و عێراق و لوبنان فراوانتر ده‌كات و له داهاتوویه‌كی نزیكدا بۆمبابارانی ئه‌و پێگانه‌ی ئێران له عێراق ده‌كات كه به‌رامبه‌ر ئیسرائیل جێگیرکراون،
ئه‌و لایه‌نه ئه‌منیانه جەختیان كردووه‌ته‌وه، پێشکەوتنەکانی سیاسه‌تی ئیسرائیل ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ركه‌وتنی ته‌لئه‌بیب له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان له سووریا. به‌تایبه‌تی له‌وكاته‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی داوه له سووریا،
ئیسرائیل چالاكییه‌كانی له سووریا دووبه‌رامبه‌ر كردووه و توانیوویه‌تی هێرش بۆ سه‌ر میلیشیاكان ئه‌نجام بدات و پێگه و كارگه‌كانی چه‌ك و مووشه‌ك بكاته ئامانج. به‌و هۆیه‌شه‌وه ئێرانییه‌كان ته‌كتیكی خۆیان له سووریا گۆڕیوه و له به‌رامبه‌ردا كۆگای كۆكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه زیره‌كه‌كانی له عێراق دامه‌زراندووه و ده‌یه‌وێت ده‌رفه‌تێك بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیباته ناو سووریا و ئه‌و ناوچانه‌ی لوبنان كه حزبوڵڵای لوبنان تێیاندا باڵادەستن،
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوانه كه رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ناوی نه‌هێناون،هه‌ر چه‌نده ئێران به‌جۆرێکی كاتی ئه‌و وێستگانه‌ی داناوه و سه‌كۆی مووشه‌كیی جوڵاو له‌سه‌ر بارهه‌ڵگر به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام زانیاریی ئه‌وه هه‌یه كه ئێران پلان بۆ دامه‌زراندنی بنكه‌ی مووشه‌كی له دژی ئیسرائیل بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بەرنامەڕێژی کردوە،
ئه‌و سه‌رچاوانه ده‌شڵێن: “جگه له‌وه‌ش ئێران ده‌یه‌وێت مووشه‌كی نوێ بباته ناو سووریا و سوپای پاسدارانیش سوورن له‌سه‌ر بردنه ناوه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كان. وه‌ك مووشه‌كی زولفه‌قار كه به پێشكه‌وتوو داده‌نرێت و هه‌ڵگری كڵاوه‌یه‌كی ته‌قینه‌وه‌یه و موشه‌كی فه‌تح ۱۰ ئه‌ویش یه‌كێكی دیكه‌یه له وموشەکانەی ئێران خوازیارە جێگیریان کات.