لە کاتێکدا کە هێشتا حکومەتی عێراق بە فەرمی یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی ئەم وڵاتەی پەسەند نەکردووە، بەشێک لە ناوەڕۆکەکەی لە لایەن میدیاکانەوە بڵاو بووەتەوە.
لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق کۆی گشتی داهاتی ئەم وڵاتە 92 هەزار ملیار دینار پێشبینی کراوە کە 73 هەزار ملیار دیناری لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەکرێت.
تێچووی عێراق بە گشتی، واتە خەرجییەکان بە تەواوی، 150 هەزار ملیار دینار پێشبینی کراوە کە ئەنجامەکەی 58 هەزار ملیار کورتهێنانە و 34 هەزار ملیار دیناری بڕیارە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دابین بکرێت و ئەوی دیکە لە ڕێگای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی دابین دەکرێت.
لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە کە حکومەت دەتوانێت ڕۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی 42 دۆلار بفرۆشێت.
بە پێی ئەم یاسایە 3 ملیۆن و 250 هەزار فەرمانبەر لە عێراقدا بوونیان هەیە، بە 672 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە کە تێچووی پێدانی مووچەیان 41 هەزار و 500 ملیار دینارە و 20 هەزار ملیار دیناری دیکە دەبێت بۆ مووچەی خانەنشینکراوەکان تەەرخان بکرێت.
لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراقدا هەروەها هاتووە کە بەغدا دەبێت یەک هەزار و 110 ملیار دینار وەک قەرزی هاوردەکردنی گاز بە ئێران بداتەوە./.
