فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق هەواڵی ئامادەبوونی پلانێکی ئەمنی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ڕاگەیاند، پلانێک کە زیاتر لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش جێبەجێ دەکرێت.
تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند کە پلانێکی پێشوەختە لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ دابینکردنی ئاسایشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادە کراوە.
ناوبراو لە شرۆڤەی وردەکاری ئەو پلانەدا وتی کە جێگیربوونی هێزە ئەمنییەکان، هەوڵێکی بەرفراوانی هەواڵگری و دابەشکردنی هێزی نوێ بە پێی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان بەشێک لەو پلانە دەبێت.
خەفاجی وتی کە ئەم پلانە پێشوەختەیە لە ناوچەکانی حەمرین، خانوکە، دورگەی سامەڕا، ناوچەکانی تایبەت بە فەرماندەیی پرۆسەکانی جزیرە و فەرماندەیی پرۆسەکانی نەینەوا و ناوچەی مەکحول جێبەجێ دەکرێت و پێشتریش لە ئاکامی پلانی هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە ژمارەیەک لە تیرۆریستان کوژراون.
وتیشی کە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق وێڕای دابینکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، درێژە بە پاڵپشتی لە خەڵک دەدات./.
