بەرپرسێکی باڵای فەرەنسا بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی لوتکەی جی ۷ کە بڕیارە سبەی شەممە لەم وڵاتە بەڕێوە بچێت، داوایکردووە سێ وڵاتە خاوەن پێگەکەی ئەورووپا هەڵوێستێکی هاوبەشیان لە بەرامبەر ئێران هەبێت.
ئەو بەرپرسە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە کە زۆر گرنگە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هەڵوێستێکی هاوبەشیان لە بەرامبەر ئێران هەبێت.
داواشیکردووە کە بەریتانیا لە پاش جێبەجێکردنی برێگزیت بەردوام هەمان هەڵوێستی ئەورووپای لە بەرامبەر چەندین دۆسیەی وەک ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و ڕێکەوتنی پاریس بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا هەبێت.
ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران زنجیرە سەردانێکی بۆ چەندین وڵاتی ئەورووپی دەستپێکرد و لە دوا وێستگەشدا گەیشتە فەرەنسا و لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە./.
