پاش ئه‌وه‌ی که شاندێکی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه سه‌ردانی قه‌زای پاوه‌ی کرد و له گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و قه‌زایه سه‌باره‌ت به خاڵی سنوری سازان کۆبووه، په‌روێز ئیده‌پور قایمقامی پاوه له کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ پارێزگاری کرماشان ڕایگه‌یاندووه که سازان ده‌توانێت ببێته ده‌رفه‌تێک بۆ په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌کان له گه‌ڵ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و هه‌لی کاریش بۆ دانیشتووانی ناوچه‌که له هه‌ر دوو دیوی ئێران و هه‌رێمی کوردستان دابین بکات.
ناوبراو به ئاماژه به ڕێکه‌وتنی نێوان هه‌ر دوو پارێزگاری کرماشان و هه‌ڵه‌بجه وتی: بۆ تاوتوێکردنی هه‌نگاوه کردارییه‌کانی تایبه‌ت به‌و ڕێکه‌وتنه سه‌باره‌ت به دابینکردنی ژێرخانی پێویست بۆ کردنه‌وه‌ی بازاڕچه‌ی سنوری سازان به ئاماده‌بوونی شاندێکی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه کێشه و گرفته‌کانی ئه‌و خاڵه سنورییهمان تاوتوێ کرد.
وتیشی: له هه‌ڵه‌بجه‌وه تا سازان ته‌نیا 14 کیلۆمه‌تره به‌ڵام ئه‌م ڕێگایه تا پاوه 57 کیلۆمه‌تره، له لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه ڕێگاوبانی پێویست بۆ خاڵی سنوری سازان ئاماده کراوه به‌ڵام له دیوی ئێرانه‌وه هێشتا 7 کیلۆمه‌تر پێویستی به جاده‌ی قیر هه‌یه و له هه‌ندێک شوێن پێویست به ڕاکێشانی هێڵی کاره‌با ده‌کات.
وتیشی: له سه‌ر ڕووباری سیروان پێویست به کردنه‌وه‌ی پردێک هه‌یه که ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه به‌ڵام ئه‌وه‌ی که پرده‌که له چ شوێنێک درووست بکرێت به پێی بڕیاری کارناسانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕێگاوبان و شارسازی پارێزگای کرماشان ده‌بێت.
قایمقامی پاوه وتی: شانده‌که‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ن دابینکردنی ژێرخانی پێویست هاوکات له هه‌ر دوو دیوی سنوری به کۆتایی بگات و ئێمه‌ش داوا له به‌رپرسانی پارێزگای کرماشان ده‌که‌ین که هاوکاری پێویست بکرێین.
خاڵی سنوری سازان که‌وتووه‌ته ناحیه‌ی باینگانی سه‌ر به قه‌زای پاوه له پارێزگای کرماشان./.
