هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازیی لە دکتۆر یوسف تۆما سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبریشەی کەرکوک و سلێمانی کرد.
لەو چاوپێکەوتنەدا شاندی میوان پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە لاهور شێخ جەنگی ڕاگەیاند.
لاهور شێخ جەنگی جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی هەرێمی کوردستان و عێراقن و هەموو کات لایەنی چاکەی گشتی بوون.
ناوبراو وتی: مام جەلال هەموو کات گرنگییەکی زۆریان بە مەسیحییەکان دەدا و منیش لە سەر هەمان ڕێباز درێژە بە پاڵپشتی لەوان و پێکهاتەکانی دیکە دەدەم.
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند کە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بە بنەمای سەرەکی سیاسەتی ئەم حیزبە بە تایبەت لە کەرکوک دادەنرێت.
لاهور شێخ جەنگی هاوکات پاڵپشتی خۆیی و سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ کار و پرۆژە خزمەتگوزاری و مرۆڤییەکان ڕاگەیاند.

