سەرۆک وەزیرانی لۆبنان ئیدانەی پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی دەکات لە لایەن ئیسرائیلەوە و ڕایگەیاندووە کە بەیروت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا تۆمار دەکات.
سەعد حەریری لە کۆبوونەوەی لە گەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی ٥ وڵاتی هەمیشە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی: لە دژی بەزاندنی بەردەوامی سنوری ئاسمانی لۆبنان، پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ۱۷۰۱ و کردنە ئامانجی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون، لە دژی ئیسرائیل سکاڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار دەکەین.
حەریری داوایکردووە کە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی لە پاراستنی سەروەری لۆبنان هەڵوێستیان هەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت داهاتووی ناوچەکە بە ئاقارێکی نادیاردا دەڕوات.
سەرۆک وەزیرانی لۆبنان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ئیسرائیل وەک بەرپرسی پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەروەری لۆبنان بناسێندرێت./.
