پەرلەمانتارێکی عێراق و ئەندامی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ئەگەر ئەمریکا لە عێراق پاشەکشە نەکات بە زەبری هێز لەم وڵاتە دەکرێتە دەرەوە.
حەسەن سالم داوای لە حکومەتی عێراق کردووە ماوەیەکی کورت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دیاری بکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوامی ئەم هەڵوێستەی حکومەتی بەغدا، بژاردەی هێزی سەربازی لە دژی ئەمریکییەکان بە کار دێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژە بە فەتوای یەکێک لە مەرجەعە باڵاکانی شێعە، ڕایگەیاندووە کە خەڵک هێزەکانی ئەمریکا ناچار بە کشانەوە دەکەن و حکومەتیش دەبێت هۆشداری بە واشنتن بدات لە ماوەیەکی کورتدا عێراق بە جێ بێڵێت.
دوترێت کە سەید کازم حائیری حوسێنی لە مەرجەعە باڵاکانی شێعە فەتوای ئەوەی دەرکردووە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا حەرامە./.
