قایمقامی هەڵەبجە ڕایگەیاند کە هێشتا قەدەغەی هاتووچۆ بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەڵام وەک ئیدارە و قایمقامیەتی هەڵەبجە لە سەر ئەم پرسە بەرنامەی خۆمان داناوە.
نوخشە ناسیح لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری دەزگای میدیایی ڕووماڵ ڕایگەیاند: پێشتر وەک ئیدارەی هەڵەبجە پێشنیاری خۆمان لە سەر ئاساییبوونەوەی ژیان ناردووەتە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەو ئامارانە بڵاو بووەتەوە، نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان وەک سەرەتا نییە و ڕەوشە کە بەرەو باشی دەڕوات.
قایمقامی هەڵەبجە وتی: بە پێویستی دەزانین کە ئاگامان لە ژیان و گوزەرانی خەڵکیش بێت.
نوخشە ناسیح وتی: بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیانی خەڵک لە پاش یەک مانگ قەدەغەی هاتووچۆ بە قۆناغ ئەم قەدەغەیە بە کۆتایی دەبەین.
وتیشی: بە پێی ئەو پێشنیارەی کردوومانە لە چەندین کاتژمێرێکدا هاوکاری خەڵک بۆ هاتووچۆ دەکەین کە پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن، هەروەها بۆ فرۆشیارەکانیش چەندین کاتژمێر دیاری کراوە بەڵام هەموو ئەم بڕیارانە پێویست بەوە دەکات کە خەڵک بەردەوام پابەندی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بمێننەوە.
قایمقامی هەڵەبجە وتی کە ئەوانەی پابەندی ڕێنماییە تەندرووستییەکان نەبن ڕێوشوێنی یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.
نوخشە ناسیح لە وەڵامی پرسیارێکدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەم بڕیارە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆی پیادەیە، ئەویش تەنیا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
وتیشی: مەبەست لە دەرکردنی ئەم بڕیارە ئەوە نییە کە خەڵک بۆ پیاسەکردن بێنە سەر شەقامەکان، بەڵکوو ئەوەیە کە بتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن./.
