بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و ڕێگری لە توشبوون بەم پەتایە، خۆپارێزی بە باشترین چارەسەر دادەنرێت.
خواردنی تەندرووست و بوونی مادەی خۆراکی پێویست لە جەستەدا یارمەتیدەری بەهێزبوونی بەرگری جەستە دەبێت، ئەمەش وا دەکات ئەگەری توشبوون بەم ڤایرۆسە کەمتر بێت یان ئەوانەی تووشبوون زووتر چاک ببنەوە.
ڕێکخراوە تەندرووستییەکان ڕێنمایی دەدەن کە ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون پێویستە خۆیان لە چەند خواردنێک بە دوور بگرن و گرنگی بە هەندێک خواردنی دیکە بدەن کە لە درێژەدا ڕوون دەکرێتەوە.
گرنگترین خۆراکەکان بۆ ئەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن:
پێویستە خواردنی فرێش وەک میوە و سەوزە بخورێت، هەروەها زیاتر گرنگی بە خواردنەکانی وەک چەرەسات و بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک شیر، هێلکە، گۆشت و ماسی بدرێت.
ڕۆژانە کەسی توشبوو دەبێت سەوزە و میوە بخوات، هەروەها خواردنی 180 گرام دانەوێڵە بە پێویست دادەنرێت، دەبێت 160 گرامیش گۆشت و پاقلەمەنی بخورێت.
پێویستە ئەوەی تووشی کۆرۆنا بووە خۆی لە خواردنی سوێر و شیرین بە دوور بگرێت.
ڕۆژانە بڕێکی باش ئاو بخواتەوە لە بەر ئەوەی کە ئاو یارمەتیدەری گواستنەوەی مادە خۆراکییەکان بۆ لەش دەبێت.
چەورییە سودبەخشەکان بخوات وەک ڕۆنی ماسی، ئەڤەکادۆ، زەیتون و گوڵەبەڕۆژە.
خواردنی گۆشتی سپی زیاتر پێویستە وەک پەلەور و ماسی.
لە دەرەوە خواردن لە خۆی دوور بکاتەوە و گرنگی بە خواردنی ماڵەوە بدات.
لە ڕووی دەروونییەوە پێویستە گرنگییەکی باشی پێبدرێت لە بەر ئەوەی کە ئەو کەسانەی لە ڕووی دەروونییەوە تووشی داڕوخان دەبن بەرگری لەشیان زیاتر دادەبەزێت، ئەمەش وا دەکات ئەم ڤایرۆسە زیاتر بە سەریاندا زاڵ بێت./.
