ڕۆژنامەیەکی تورکیا چەندین وردەکاری نوێی دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس جەمال خاشچیی ئاشکرا کردووە کە پیشان دەدات سەرجەم تۆمەتباران هەوڵی شاردنەوەی ڕۆڵی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیایان داوە.
ڕۆژنامەی سەباحی تورکیا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا وردەکاری زیاتری تیرۆری خاشقچی خراوەتەڕوو و باس لەوەش کراوە کە لێدوانی تۆمەتبارانی دۆسیەکە بە ئاراستەی نکۆڵی لە ڕۆڵی بن سەلمان بووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە عەسیری لە لێدوانەکانیدا هەوڵیداوە پاڵپشتی لە قەحتانی و بن سەلمان بکات و وا پیشان بدات کە ئەو کەسانە ڕۆڵیان لە تیرۆرەکەدا نەبووە. وردەکاری دانیشتنەکانی دادگا ڕۆڵی مەنسور ئەبوحوسێن لە تاوانی تیرۆری خاشقچی و ئەوەی کە بن سەلمان لە لوتکەی دەرکردنی فەرمانەکەوە بووە ئاشکرا دەکات.
تیمی تیرۆری خاشقچی بۆ سێ گرووپ دابەشکرابوو. یەکەم، گرووپی زانیاری، دووەم، گرووپی دانوستان و سێهەم، گرووپی لۆجستی. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە مەنسور ئەبوحوسێن لە سەرووی تیمەکەوە بووە.
یەکەم دانیشتنی دادگای تایبەت بە دۆسیەی کوشتنی خاشقچی لە ۳ ی کانونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و تێدا مەنسور ئەبوحوسێن و ۹ تۆمەتباری دیکە ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە.
ئەبوحوسێن وەک کەسی یەکەمی دۆسیەکە ڕایگەیاند کە پەیوەندیی لە گەڵ عەسیری و سعوود قەحتانی ڕاوێژکاری پێشووی جێنشینی سعوودیا هەبووە و داوایان لێکردووە خاشڤچی بۆ ڕیاز بگەڕێنێتەوە.
مەنسور ئەبوحوسێن ئاماژەی بەوە داوە کە عەسیری پەیوەندی بە منەوە کردووە و داوایکردووە بە زۆریش بێت خاشقچی بۆ سعوودیا بگەڕێنمەوە. بۆ ئەم مەبەستەش سێ گرووپی زانیاری، دانوستان و لۆجستیم لە چوارچێوەی تیمێکدا پێکهێنا و پاشان بە تەلەفوون بە کۆنسووڵی سعوودیام لە تورکیا ڕاگەیاند کە سبەی بە ۱٥ کەسەوە لەوێ دەبم، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەم ئاشکرا نەکرد.
ناوبراو وتی: پلانەکە وا بوو کە ئەگەر خاشقچی ڕێگری لە گەڕانەوەی بۆ سعوودیا بکات شوێنێکی تایبەت بۆ ڕفاندنی دیاری بکرێت. لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم هاتمە ئیستەنبووڵ تا لە گەڵ هاوکارێکی خۆجێی وتووێژ بکەم، لەو کاتەدا عەسیری هەماهەنگیی لە گەڵ قەحتانی دەکرد.
بە وتەی ئەبوحوسێن، قەحتانی پێی ڕاگەیاندووە کە سعوودیا بووەتە گۆڕەپانی یاری ژمارەیەک لە ڕێکخراو و وڵاتان و ئەگەر جەمال خاشقچی بگەڕێننەوە، بە دەسکەوتێکی گرنگ هەژمار دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە ماهیر موتریب لە ئەندامانی تیمی تیرۆری خاشقچی ڕایگەیاندووە کە پلانەکە وابووە کە ئەگەر ناوبراو ڕازی بە گەڕانەوە نەبوو، پاش کوشتنی تەرمەکەی لە حەوشەی کۆنسووڵخانە بنێژین بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕا و تەرمەکە پارچە پارچە کرا تا کەس لێی ئاگادار نەبێتەوە.
موتریب لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە پشکنینی بینای کۆنسووڵخانەمان دەستپێکرد و بەو ڕاستییە گەیشتین کە جەمال بە ئاسانی لەو بینایە نایەتە دەرەوە و بەم بۆنەوە بڕیاری کوشتنی دەرکرا. بەر لە کوشتنی لە کۆنسووڵخانە شوێنێک بۆ دانوستان لە گەڵ ناوبرا تەرخان کرا تا ڕازی بە گەڕانەوە بکرێت بەڵام ڕەتیکردەوە.
ماهیر موتریب لە درێژەی لێدوانەکانیدا ڕایگەیاندووە کە پاش ئەوە دەرزی و ماددەی هۆشبەرمان لە سەر مێزەکە دانا و بە خاشقچیمان ڕاگەیاند کە بەنیازی چیت و وتی دەمەوێت لە دەستی ئێوە هەڵبێم و سزاتان بدەم.
بە وتەی ناوبراو، خاشقچی ڕایگەیاندبوو کە هاوسەرەکەم لە دەرەوەی کۆنسووڵخانە چاوەڕوانە و ئەگەر ڕێگری لە چوونە دەرەوەم بکەن دەبێتە ڕیسواییەکی گەورە بۆ دەسەڵاتدارانی سعوودیا. پاشان هەوڵی هەڵهاتنیدا بەڵام لە لایەن موشرف شەهری و وەلید عەبدووڵا شەهری و فەهەد شەبیب بەلاوی ڕێگریی لێکرا.
بە وتەی بەرپرسانی پزیشکی داد و سەلاح تەبیقی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی تیمی تیرۆر، ئەو مادە هۆشبەرە بۆ کوشتنی خاشقچی کەم بووە و تەبیقی جۆری کوشندەتری لە گەڵ خۆی هێنابوو.
بەڵام محەممەد مەدەنی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دیکە ڕایگەیاندووە کە جلەکانی خاشقچیم لە بەرکرد، تەنانەت چاویلکەکەشیم لە چاو نا تا بڵێن خاشقچی لە بینای کۆنسووڵخانە چووەتە دەرەوە، دواتر لە یەکێک لە تەوالیتەکانی فلکەی ئەحمەد سوڵتانی ئیستەنبووڵ جلەکانم گۆڕی و ئەوانەی خاشقچیم فڕێدا.
ڕۆژنامەکەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە تەرمە پارچە پارچەکراوەکەی خاشقچی لە چەند کیسەی ڕەشی گەورە نراوە و لە کۆنسووڵخانە براوەتە دەرەوە.
لە ئاکامدا داواکاری گشتی سعوودیا داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ هەر یەک لە تورکی موشرف شەهری، وەلید عەبدووڵا شەهری، ماهیر موتریب، سەلاح تەبیقی و محەممەد مەدەنی کرد و ئەوانی دیکەش سزای زیندانی هەتا هەتاییان بەسەردا سەپا.
جێی ئاماژەیە کە لە یەکەم دانیشتنەکەی دادگای دۆسیەی تیرۆری خاشقچی نوێنەرانی هەر پێنج وڵاتە هەمیشە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشدارییان کرد./.
