بەرنامەی وێنە کاریگەرەکان کە هەر هەفتە لە کەناڵی ئیسپانیایی زمانی هیسپان تیڤی بڵاو دەبێتەوە، ئەم هەفتەیە تایبەتە بە وێنەکەی عومەری خاوەر لە کارەساتە دڵتەزێنەکەی بۆردومانی کیمیاوی شاری هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی کەناڵی هیسپان تیڤی ڕایگەیاندووە کە لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی وێنە کاریگەرەکان وێنەیەکی عومەری خاوەر و کۆرپەلەکەی نمایش دەکرێت کە لە بۆردومانە کیمیاوییەکەی هەڵەبجە کاردانەوەی جیهانیی بە دوای خۆیدا هێناوە.
بە بۆچوونی شارەزایانی بواری وێنەهەڵگری، نهێنی مانەوە و کاریگەری ئەم وێنەیە ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کەم لە پاش کارەساتەکە گیراوە و پیشاندەری دڵڕەقی تاوانبارانی بەعسە.
ئەم بەرنامەیە کارێکی بەشی بەرنامەکانی کەناڵی پرێس تیڤی ئێرانییە کە بۆ بینەرانی کەناڵی ئیسپانیای زمانی هیسپان تیڤی ڕۆژانی پێنج شەممە کاتژمێر ۱ و ٤٥ خولەک بە کاتی تاران بڵاو دەبێتەوە.
هەروەها ڕۆژانی یەک شەممەش کاتژمێر ٨ و ٤٥ خولەکی شەو لە کەناڵی هیسپان تیڤی بڵاو دەبێتەوە./.