بەرپرسیکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە زانیارییە هەواڵگرییەکان ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعش لە هەرێم و عێراقدا ماون.
فەریق جەمال ئیمنکی سوپاسالاری پێشمەرگە وتی کە ناتوانین بڵێین ئەو ئامارە لە سەدا سەد ڕاستە بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە ژمارەیان کەمتر یان زیاتر بێت.
ناوبراو وتی کە بە لایەنی عێراقیمان وتووە کە دەبێت ڕێکەوتن لە سەر خاڵەکان بکرێت و لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە هێزی هاوبەش پێک بهێندرێت بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێکەوتنە نەکراوە.
وتیشی کە تا ئێستا ئەو ئامادەییە لە سوپای عێراقدا نابینم کە بە هاوبەشی ڕوبەڕوی داعش ببینەوە./.
