سەرۆک کۆماری ئێران هەڵوێستی خۆیی لە سەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران ڕایگەیاند کە تورکیا مافی خۆیە نیگەرانی سنورەکانی باشوری خۆی بێت بەڵام بە بۆچوونی ئێمە دەبێت ڕێگایەکی درووست هەڵبژێرێت.
ناوبراو وتی کە هێشتا مەترسی لە سەر ناوچەکە ماوە و شەڕی یەمەن و ئێستاش مەترسی لە سنورەکانی سوریا و تورکیا نیگەرانییەکانی زیاد کردووە.
ناوبراو داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بۆ لەناوبردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان لە سنورەکانی خۆی باشترین ڕێگا هەڵبژێرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئێران، ڕووسیا و تورکیا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە تەنیا چارەسەری کێشەی سنورەکانی باکوری سوریا و باشوری تورکیا ئەوەیە کە هێزەکانی سوپای سوریا لەو سنورانە جێگیر بکرێن.
ناوبراو وتی: وڵاتانی دیکە دەبێت یارمەتیدەر بن تا هێزەکانی سوریا لە سنورەکان لە گەڵ تورکیا جێگیر بکرێن و کوردەکانیش وەک بەشێک لە سوریا لە گەڵ هێزەکانی سوپای ئەم وڵاتە بن.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئەمریکا دەبێت هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.
ڕۆحانی وتی: ئەو ڕێگایەی کە ئێستا هەڵبژێردراوە و ڕێکەوتنی پشت درگا داخراوەکان بە باش نازانین و داوا لە تورکیا دەکەین کە پێداچوونەوە بەم بڕیارەی ئێستای بکات./.
