مەنزەر علی
ڕیفراندۆم زادەی فەلسەفەی سیاسییە لە نێو سیستمی دیموکراسی و ئازادیدا بۆ یەکلاکردنەوەی هەرپرسێک کە کێشمەکێش و ناکۆکی لەسەربێت تا چارەنوسسازترین پرس واتا گەڕانەوە بۆڕای گەل پەسەندی تا لەڕێیەوە بڕیار لە چارەنوس و ئایندەی خۆیان بدەن.
ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان مافێکی ڕەواو سروشتی خەڵکی کوردستان بوو کە سێ ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدرا ، بەڵام ئایا زەمان و زەمینەی بڕیاری پرۆسەکە گونجاوبوو ، بەگەڕانەوە بۆ ئەوسەردەم و دەرکەوتنی چەندین هەوڵی نێودەوڵەتی بۆدواخستن یان ڕاگرتنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەنهێنی هێشتنەوەی هەموو ئەو بەڵێن وپەیمانانەی بە سەرکردایەتی کورد بەتایبەت سەرۆکی پارتی دیموکرات درا، لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەگەینە ئەو بڕوایەی ئامانج لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبووە .
ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی پێویستبوو تاک لایەن نەبێت بەڵکو بەڕەزامەندی دەوڵەتی عێراق و لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا بووایا دواتر ئەنجامەکەی تەسدیق ئەکراو کورد یەکەمین هەنگاوی پراکتیکی بۆسەربەخۆی دەنا .
ئەوەی لەم پرسەدا فەرامۆشکرا یەکێتی ڕیزەکانی گەل و تەبایی نێوماڵی کورد و لایەنە سیاسیەکان بوو ، لە دۆخێکی خراپی ئابوری و قەیرانێکی قوڵی گەندەڵی و شکستی ئابوری سەربەخۆدا .
لەڕووی دبلۆماسیەوە هەرێمی کوردستان بەهۆی تێکشانی داعش و شەڕی تیرۆر لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە لەبری وڵاتانی جیهان ناوبانگ و سومعەی هەرێم و کورد لەسەر ئاستی نێودەڵەوتی ڕێزلێگیراو بوو ، ئەمەش دەرفەتێکی باشبوو وەک پشتیوانی تا کورد زیاتر مافەکانی دەسەبەربکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بەڵام بەهۆی گوێنەدان بەخواستی وڵاتان لە ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستان لە ڕووی دبلۆماسیەوە گەیشتە خاڵی سفر و ئەگەر کردنەوەی دەرگای وڵاتێکی وەک فەرەنسا نەبووایابەڕووی بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا ئەوا هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی نەدەما .
بەحیزبی کردنی پرسی سەربەخۆیی و خۆنمایشکردن وەک پاڵەوانی نەتەوەیی و ڕزگاری نیشیمانی بە بێ گوێدانە ڕای لایەنەکانی دیکەو ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و توێژینەوە ستراتیژیەکان ئەو گومانەمان لادەکاتە یەقین بڕیاری ڕیفراندۆم لەو کات و سات و زەمەنەدا ئامانج لێی سەربەخۆی نەبووە بەڵکو زیاتر پرۆژەو ئەجێندای ئیقلیمبوو لە پێناو لاوازکردنی پێگەی سیاسی و دبلۆماسی کورد لە ئاستی نێوخۆی عێراق و نێودەوڵەتی ،سڕینەوەی قەوارەی سیاسی هەرێم و دەرپەڕاندنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و لەباربردنی خەون و زەمینەی سەربەخۆیی بۆ چەندین دەیەی دیکە .
ئەوەی لە ماوەی چارەکە سەدەیەک بەباشی و خراپیەوە بەخوێنی هەزاران ڕۆڵەی کورد بیناکرا بەشی زۆریکرایە قوربانی عینادی سیاسی و بڕیارێکی نامەدروس لە زەمان و زەمینەیەکی نادروستدا.