لیژنەی دارایی پارلەمانی عێراق ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و باس لەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو ناوانەی هەرێم بۆ بەغدای ناردوون ناراستن یان دووبارەن .
حەنین قەدۆ ،ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکیدا دەڵێت “حکوومەتی هەرێم لیستێکی بۆ بەغدا ناردووە کە ملیۆنێک و دووسەد هەزار فەرمانبەری لەخۆگرتووە کە ناوی سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانن بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە” ،باس لەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو ناوانە بوونیان نییە و ناراستن ، ئەوە جگە لەوەی بەشێکی زۆر لە ناوەکان دووبارەن .
لەبەشێکی تردا قەدۆ دەڵێت ” ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر لەو لیستە کەمترە کە هەرێم رەوانەی بەغدای کردووە ، کەلەڕێیەوە هەولێر دەیەوێت دزی لە ماڵی گشتی بکات و پارەی تەرخانکراوی بۆ هەرێم زیاتر بکەن ” ،روونیشی کردۆتەوە کە لیژنەی دارایی هەوڵ دەدات لەڕێگای پەنجەمۆری بایۆمەترییەوە فەرمانبەرانی راستەقینە لەوانە جیابکاتەوە کە وەهمین و بوونیان نییە یان دووبارەن .
پێشتریش عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیری عێراق جەختی کردبوەوە کە حکوومەتی بەغدا هێشتا هیچ بڕە نەوتێکیان لە حکوومەتی هەرێمەوە بەدەست نەگەیشتووە ، لەهەمان کاتیشدا دڵنیایی ئەوەیدابوو کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت .