کامیل عبدالقادربەرکەوتویەکی سەختی چەکی کۆکوژی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هەرێم دەڵێ سەرەتا پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی دەست بەکاربوونتان وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارم لە ئەم ئەرکە قورسەی کە لەئەستۆتان گرتووە سەرکەوتووبن
کامیل عەبدولقادر کە بەهۆی چەکی کیمیایی دۆخی تەندروستی زۆر خراپە،ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیایە دکتۆرەکانی پێیان ڕاگەیاندووە بەزوترینکات نەشتەگەری نەکات گیانی لەمەترسیدایە.
کامیل عەبدولقادر بۆ ئەوەی نەشتەگەریکەی بکات پێویستی بەوەیە،خێزانەکەی لابێت داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات هاوکاری بکات و خێزانەکەی بۆ بنێرن بۆ ئەڵمانیا.
دەقی داواکەی
زۆر بەڕێز / سەرۆک نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بابەت/ بەهاناهاتنەوەو هاوکاری
پاش سڵاوێکی گەرم
سەرەتا پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی دەست بەکاربوونتان وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارم لە ئەم ئەرکە قورسەی کە لەئەستۆتان گرتووە سەرکەوتووبن و هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێک و ئاقارێکی زۆر باشتر لە ئێستا بەرن .
بەڕێز جەنابی سەرۆک:
من ئەوە زیاتر لەساڵ و نیوێکە بەمەبەستی چارەسەرکردنم بۆ جاری دووهەم ڕووم لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، لەبەر ئەوەی لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ( وێڕای شەهیدبوونی باوکو دایک و براو خوشکەکان) م بەهۆی گازی خەردەلەوە سیەکانیشم لەکار کەوتوون و پاش نزیکەی 32 ساڵ ئازارو ژان و ململانێ لەگەڵ مەرگدا لە ئێستادا دەبێت بەزوویی نەشتەرگەری چاندنی سیەکانم بۆ ئەنجام بدرێت.
پزیشکەکانی ئەڵمان ڕازی بوون کە نەشتەرگەریەکەم بۆ ئەنجام بدەن بەو مەرجەی ئەو داوایانەی ئەوان دەیکەن لێم جێ بەجێیان بکەم .
هەندێک لەو داوکاریانە تەنها بەخۆم جێبەجێ ناکرێت و پێویستم بە هیممەتی جەنابتان و پاشان مناڵەکانمە تا هاوکارم بن و لە نزیکەوە خزمەتم بکەن .
چاندنی سیەکان نەشتەرگەریەکی زۆر ئاڵۆزو هەستیارەو پێویستی بە مامەڵە کردنی وردو دروست هەیە لەگەڵیداو تا دووساڵ پاش نەشتەرگەریەکەش دەبێت لەژێر چاودێری ورددابم.
من لە ئێستادا لە کەمپێکدا دەژیم کە زۆر نەگونجاوە بۆمن و پزیشکەکان دەڵێن دەبێت لەو کەمپە نەمێنێی و لە شوێنێکی تایبەتدا بژیت کە زۆر پاک و خاوێن بێ و قەرەباڵغ نەبێ.
داوا لەبەڕێزتان دەکەم کە خەمی زیاترم بخۆن و بایەخی زیاتر بە تەندروستیم بدەن و کارئاسانی بکەن بۆ منداڵەکانم تا بێن بۆ ئەڵمانیاو لەنزێکەوە خزمەتم بکەن و چاودێریم بکەن.
ساڵی 2016 بەسوپاسەوە جەنابتان هیممەتتان کردو منتان ناردە ئەڵمان بۆ چارەسەر ئەوکات لەڕووی جەستەییەوە پزیشکەکان ئامادەنەبوون نەشتەرگەری چاندنی سیەکانم بۆ ئەنجام بدەن بەڵام لە ئێستا دەڵێن پویستە زۆر بەزوویی ئەو نەشتەرگەریەت بۆ ئەنجام بدەین لەبەر ئەوەی تۆ ڕۆژگارەکانی کۆتایی ژیانت بەڕێ دەکەیت و ژیانت لەئەوپەڕی مەترسیدایەو جگە لە چاندنی سیەکان هیچ شتێکی تر دادت نادات، داوا دەکەم کە هەموو ئاسانکاریەکم بۆ ئەنجام بدەن تا پشتیوان بەخواو پاشان دڵسۆزی و ئەمەکداری جەنابتان ژیانم لەمەرگ ڕزگار بکرێت.
بەهاناهاتنەوەتان بۆ من گەواهی ڕاستگۆییتانە لەگەڵ دروشمەکانتان سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی چەکی کیمیایی .
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزو خۆشەویستیمدا .
کامل عبدالقادر ویس محمد
ئەڵمانیا، ئێسن ۲۰۱۹/٦/۲۰