کۆریای باکور کە سەر لە نوێ پێشنیاری دانوستانی بە ئەمریکا داوە، ئەمڕۆ سێ شەممە دوو مووشەکی تاقیکردەوە.
سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاندووە کە ئاراستەی تاقیکردنە مووشەکییەکەی کۆریای باکور بەرەو دەریای ڕۆژهەڵات بووە.
چۆئە سان هۆی جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور دوێنێ دووشەممە داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی لە گەڵ ئەمریکا بۆ کۆتایی ئەم مانگە کردبوو.
ناوبراو هەروەها داوایکردبوو کە واشنتن بۆ خولێکی نوێی دانوستانەکان پێشنیاری نوێی هەبێت.
هەر دوو مووشەکەکەی کۆریای باکور لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە لە شاری کائچۆن لە پارێزگای پیۆنگان لە باشوری ئەم وڵاتە تاقیکراونەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی کۆریای باکور ڕایگەیاندووە کە واشنتن ئاگای لەم پرسە هەبووە و لە گەڵ هاوپەیمانەکان بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات./.
