کۆشکی سپی ڕایگه‌یاندووه که هێشتا ئه‌گه‌ری چاوپێکه‌وتنی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران و دوناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا سه‌ره‌ڕای تۆمه‌تبارکردنی تاران به هێرشه‌کانی سه‌ر کێڵگه نه‌وتییه‌کانی سعوودیا به دوور نازانێت.
کلیان کانۆی ڕاوێژکاری دوناڵد تره‌مپ به فۆکس نیوزی ڕاگه‌یاندووه که سه‌ره‌ڕای هێرشه‌کانی سه‌ر سعوودیا، هێشتا ئه‌گه‌ری چاوپێکه‌وتنی ڕۆحانی – تره‌مپ له ئارادایه.
ناوبراو ڕایگه‌یاندووه که ئه‌و چاوپێکه‌وتنه بکرێت یان نه، واشنتن له سیاسه‌تی زیاترکردنی گوشاره‌کانی له دژی ئێران به ئامانجی ڕاگرتنی پلانی ناوه‌کی و مووشه‌کی ئه‌م وڵاته به‌رده‌وام ده‌بێت.
به بۆچوونی کانۆی، هێرشی حوسییه‌کان بۆ سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌کانی سعوودیا که کاریگه‌ریی له سه‌ر بازاڕی جیهانی وزه ده‌بێت، یارمه‌تیده‌ری چاره‌سه‌ربوونی دۆسیه‌ی ئێران نابێت.
ڕاوێژکاره‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه که وڵاته‌که‌ی ئاماده‌یه بۆ سه‌قامگیری بازاڕی جیهانی وزه له پاش هێرشی سه‌ر کێڵگه نه‌وتییه‌کانی سعوودیا، په‌نا بۆ به‌کارهێنانی یه‌ده‌کی ستراتیژی خۆی ببات./.
