گۆران نظام
هەندێ جاربۆئەوەی لەحەقیقەتی واقعێک تێ بگەی پێویستە لەدورەوە لێی بڕوانیت،بیرکردنەوەیەک هەیە کە پێی وایە نزیک بونەوەو تێکەڵ بون بەکرۆکی چەمکەکانت ئاشنادەکات،ئەوکەسەی بەقەدپاڵی شاخێکا هەڵدەگەڕێ ناتوانێت وەک ئەوەی لەدوری سەدان مەترەوە لەوشاخە دەڕوانێت جوانیەکان ببینێت،مرۆڤ سروشتێکی چەپێنراوی هەیە دەربارەی سەرجەم بارودۆخەکان.
بۆهەندێ کەس کۆیلایەتی وزەوتوانابەخشینە بۆبەرەنگاری و مانەوە ڕەنگە زۆرجارئیرادەی کۆیلەیەک زۆرخۆڕاگرترو بەهێزتربێت لە ئیرادەی مرۆڤێکی بەناو ئازاد،فرۆید پێی وایە مرۆڤ لەئازادی دەترسێت و بەردەوام لەهەڵپەی ڕاکردندایە.
،ئاخر ئازادی تاکە تاقیگەیەکە کە مرۆڤ ڕوبەڕوی بەرپرسیارەتی ڕاستەقینە دەکاتەوە.بەپێچەوانەی سستمی کۆیلایەتیەوە کە مرۆڤ وەک کەڕویەک گەورەدەکات بەسەرجەستەی ئەوانی دیکەوە.لەکۆمەڵگای نەریتیدا وەک گۆستاف لۆبۆن دەڵێت.
دۆزینەوەی جیاوازیەکان ئەگەرمەحاڵیش نەبێت کارێکی تاقەت پڕوکێنە.کۆمەڵگای نەریت خواز ڕاهێنراوە لەسەر ڕاونانی ئەوی تر.لەسەر شتنەوەی شوناسی ئەوی تر،مرۆڤ ناچار بە هەڵبژاردنی تەنها ڕەنگێک،پەڕۆیەک، لۆگۆیەک،بیرکردنەوەیەک دەکرێت
دەربازبون لەودۆخە ڕاناوەستێتە سەرئازادی تاک بەتەنها ،تاک لەکۆمەڵگایەکی وەهادا پارچەیەکە لەڕەوتی ئەو ئامێرە وێران کەرەی کە سەرەنجام ئێسک و پروسکی خۆشی تێدا پارچەپارچە دەکرێت.
ئەودەمەی هەموان دەڵێن و گازەندە دەکەن،ئیدی ئەم هات و هاوارە دەبێتە فریاد ڕەسێکی باش بۆ هەرسستمێکی سیاسی کەبتوانێت بەجیاوازیەکی هێجگار گچکە تەرجومەی واقعەکەی پێ بکات و چەندساڵێکی دیکە لەتەمەنی کۆمەڵگابدزێت بۆقەڵەوکردن و مانەوەی خۆی،لەپاش جەنگی جیهانی دوەم ئەوەی بۆڕۆژئاوایەکان مایەوە تەنها خاکێکی سوتماک و مێژویەکی دوکەڵاوی بوو.ئەوان لەوخۆڵەمێشە بەهەشتێک و لەو مێژوە کۆمەڵگایەکیان سەرلەنوێ پێکەوە نایەوە.
ئێمە ڕێک بەپێچەوانەوە هەنگاومان نا،کەواتە مێژوی دوهەزاروحەوسەدو ئەوەندەساڵەی دەوڵەتەکەی ماد مان بەکوێ گەیاند؟
شکاندنی کۆت و بەندی نەریتی،دینی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ کۆمەڵگا کارێکی سەخت ترە بەراورد بەتاک،تاک توانای هەڵهاتن و خۆشاردنەوەی هەیە.کۆمەڵگا ناچارە بە دژایەتی و ڕوبەڕوبونەوە.ڕاکردنی بەکۆمەڵ تەنها لەژینگەی جەنگە قورسەکانی مێژودا بەدی کراوە.بەڵام لەژیانی ئاسایی و فەزای گەشەسەندوی مەدەنیدا.کۆمەڵگا ناچارە بە دەنگ بەرزکردنەوەو وەستانەوە لەدژی ستەم.جائەوستەمە کۆمەڵایەتی و نەریتی بێت.یان دینی و سیاسی،لەهەردو بارەکەدا ئەرکی کۆمەڵگا بەئاڕاستەی یەک ئامانجە ئەویش دۆزینەوەی ئاڕاستەی ئەو میتۆدەیە کە ئەفلاتون بەچاکەی گشتی ناوی دەبات.
لێرەوەیە بەرپرسیاریەتی دەبێتە ئەرکەسەخت و دژوارەکە.ئەگەر لەزاتی گشتیدا ئەولێبڕاوی و توانایە نەبێت هیچ یاساو ڕێسایەک مرۆڤ لەو ئەرکە بارناکات.بەرپرسیاریەتی دەست هەڵگرتنە لە بەرژەوەندی تایبەتی وخۆتەرخان کردنە بۆئەوانی دی هەرئەمەشە چێژی ڕاستەقینە لە فەلسەفەی چاکەی گشتیدا.تێ نەگەشتن بەهەرهۆکارێک لەم تێزە یان خراب بەکارهێنان و شرۆڤەکردنی لەلایەن هەرسستمێکی حوکم ڕانیەوە.کارەکە ئاوەژو دەکاتەوەوسەرلەو مۆدێلە تەمومژاویەوە دەردێنێت کە هەناسە لەبەر هەموان دەچنێت.تێنەگەشتن لە چەمکی بەرپرسیاریەتی ڕاستەقینە خۆی بۆخۆی گەندەڵی بەرهەم دەهێنێت.
بۆئەوەی لەهەرسوڵتەیەکی سیاسی تئ بگەین پێویستمان بەداتاو ژمارەی نێو دۆسیەی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەوسوڵتەیە نیە بەئەندازەی کەشف کردنی ئەو هێزە بەرپرسیارەی کە ئێسکە پەیکەری سوڵتەکەی ڕاگرتوە.
چونکە لەغیابی بەرپرسیاریەتیدا گرەولەسەرهەمو مۆدێلەکانی گەندەڵی دەکرێت.دەسکەوتی شەخسی دەخرێتە سەروی ئەولیستەوە کەشەوانە ئامادە دەکرێت بەناوی خێری گشتیەوە.
چیتر وەزیفە تەنهائەرکێکی ئیداری و ئاکاری نیە، بەڵک و هەباشەیەکە بۆهەڵ لوشینی داهاتی گشتی و چەکێکە بۆسڕینەوەی ئەوی دیکە.لەبەرئەوە ئەرکی سستمی سیاسی لەهەرکۆمەڵگایەکدا سەرەتا تەعریفی چەمکی بەرپرساریەتیە وەک ئەرک و پیشە.خۆئەگەر ئەم کارە بەهەربیانویەک پشت گوێ خرا،ئەوا ئیدی ئەو سوڵتەیە بەبەرنامە هەنگاو بەرەو مۆدێرنیزەکردنی گەندەڵی دەنێت و لەوحاڵەتەشدا ئەوەی باجی ژیانێکی سەخت و دژواردەدات تەنها خودی کۆمەڵگەخۆیەتی…….