وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەسەر بەخشینی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی لەپۆستەكەی و گواستنەوەی ڕاژەكەی بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت “گواستنەوەی فەرمانبەر ناچێتە خانەی سزادانی ئیداریەوە”.
دەقی راگەیەندراوەكەی قوبادتاڵەبانی…
سەبارەت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەخشینی بەڕێز دڵشاد عومەر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی وگواستنەوەی ڕاژەكەی بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە بە هەمان پلەی وەزیفی خۆی وەك بەڕێوەبەری گشتی، ئەم ڕوونكردنەوە یاساییە دەخەینەڕوو:-
یەكەم: ئەم بڕیارەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕێكارێكی ئیدارییە تایبەت بە گواستنەوەی ڕاژە، و بە هیچ شێوەیەك گواستنەوەی فەرمانبەر ناچێتە خانەی سزادانی ئیداریەوە كە لە یاسا بەركارەكاندا ئاماژەیان پێدراوە. بۆیە بە هیچ شێوەیەكیش ئەم بڕیارە سیاسی نیە.
دووەم: بە پێی ھەردوو بڕگەی٢ و ٣ لە ماددەی ١٢ لە یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩، دانانی بەرێوبەری گشتی و لەسەر كارلادانی دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاوە نەك گواستنەوەی ڕاژەی بەڕێوەبەری گشتی كە ڕێكارێكی ئیدارییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیە.
سێیەم: سەبارەت بە بڕگەی ٢ ی فەرمانەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەڵسانی بەڕێز مامۆستا عومەر محمد امین كە خۆی جێگری بەڕێوەبەری گشتیە بە ڕاییكردنی كارەكانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی بە وەكالەت، مانای دامەزراندنی ناوبراو نیە بە بەڕێوەبەری گشتی بەڵكو دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان بەڕێوەبەرێكی گشتی نوێ دابنرێت.
چوارەم: مامۆستا دڵشاد عومەر لە پلە وەزیفیەكەی كە بەڕیوبەری گشتیە نەبەخشراوە و ھەمان پلەی دەبێت لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە.
پێنجەم: دادگاكانی كارگێڕی لە ھەرێمی كوردستان لایەنی پەیوەندیدارن بۆ تانەدان لە بڕیار و فەرمانە كارگێڕییەكان.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حووکمەت