یەكێتی نیشتمانی بڕیاریداوە شاندێك بنێرنە لای مەلا بەختیار و دواین پەیامی حیزبەكەی پێبگەیەنن.
ئەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەرانبەر ئەو قسانەی مەلا بەختیارە، كە لەسەر حیزبەكەو بەرپرسانی یەكێتی لەكۆڕو كۆبوونەوەكان دەیكات، كە ئەوە نیگەرانی دروست كردووە.
ڕووماڵ لەسەرچاوەیەکی ئەو حزبەوە زانیویەتی؛ پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆی لەدوو پێشنیاردا دەبینێتەوە؛ یان مەلا بەختیار بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكان، یان چیتر بێدەنگ بێتو قسە لەسەر یەكێتی نەكات.
ئەمەش دوای ئەوەدێت کە مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەهۆی نیگەرانییەكانی لەحیزبەكە بەشداری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی ناكاتو بەم دوایانەش دوای راگەیاندنی پرۆژەیەكی بۆ چاكسازی لەناو یەكێتی، چەند قسەیەكی كردووە، كە ئەوە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی تووڕە كردووە.
هەربەپێی زانیاریەکانی ڕووما؛، یەكێك لەو سەركردانەی یەكێتی بەقسەكانی مەلا بەختیار تووڕە بووە، لاهور شێخ جەنگی بووەو جەختیكردووەتەوە، كە چەندین بەڵگەی لایە لەسەر ئەو بەرپرسانەی یەكێتی، ئێستا لەدەرەوە قسە دەكەنو رەخنە دەگرن.
هاوکات لاهور شێخ جەنگی هۆشداریداوە، بەوەی لەكۆنگرەی داهاتووی یەكێتی، كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، ئەو بەڵگانە بۆ ئەندامانی كۆنگرە ئاشكرابكات.